ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە شنۆ ڕێوڕەسمی نەورۆزیان قەدە‌غە کرد و هەڕەشەیان لە خەڵک کرد

11:35 - 5 خاکەلێوه 2724

لە درێژەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە هەندێ لە گوندەکانی شنۆ و ڕاگەیەندراوی خەڵکی بۆ بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمانە لە گوندەکانی "هێیە" و "میراوێ"، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە هەرەشە و گوشار بۆ سەر کاناڵە تێلێگرامییەکان لەم گوندە، دژایەتییان لەگەڵ درێژەکێشانی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دوابەدوای ڕاگەیەندراوی خەڵکی بە مەبەستی بەڕێوەچوونی گوندی نەورۆزی لە گوندەکانی "هێیە" و "میراوێ"ی شنۆ، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی کورتەنامە بۆ کەسانێک کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی ئەم گوندە بەڕێوە دەبەن، گوشاری خستووەتە سەریان کە زانیاریگەلێک سەبارەت بە "قەدەغەبوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز" و "بەدواداچوونی یاسایی ئەو کەسانە"یان بڵاو کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی کورتەنامەوە هەڕەشەی لەم کەسانە کردووە، "بڵاوکردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی شنۆ و باقی شارەکانیش قەدەغەیە و لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵسوکەوت دەکرێ."

لە کورتەنامەکاندا هەروەها هاتووە: "چیدیکە هیچ ڕێوڕەسمێک لە شنۆ نییە، تکایە کەسانی دیکەش ئاگادار بکەنەوە."

لە کۆتاییدا ناوەندە ئەمنییەتییەکان جەختیان کردووەتەوە کە ئەم کورتەنامانە بڵاو بکەنەوە.

بەپێێ زانیاریگەلێک کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان کاناڵی تێلێگرامی "دەنگوڕەنگی میراوێ"یان ناچار کردووە تاکوو لە کاناڵەکەی خۆیدا پەیامەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بڵاو بکاتەوە."

لەم پەیامانەدا سەرەڕای ئاماژە بەو پەیامانە کە باس کرا، پەیامگەلێک بەو ناوەڕۆکەوە کە هەرکەس بیەوێ لە گوندەکانی "حەقە و میراوێ"، ڕێوڕەسم بەڕێوە ببات یان بەشداریی تێدا بکەن، "بەتوندی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێ."

تاکوو ئێستا سێ جێژنی گەورەی نەورۆزی لە گوندەکانی "ئاڵیاوێ"، "حەسەن نووران" و "دێشەمس"، سەر بە شنۆ بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵک و بەشداریی بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها بەندکراوانی سیاسیی لەسێدارەدراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە چووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی کوردپا گەیشتوون، ئەگەرچی ئەم ڕێوڕەسمانە بە ئیزن نەک بە "مۆڵەتنامە"ی ناوەندە پێوەندیدارەکان و بە مەرجی نەوتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی و هەڵنەکردنی ئاگر لەلایەن بنەماڵەی گیانلەدەستداوان، ئیزنی بەڕێوەبردنیان وەرگرتووە. بەڵام سەرەڕای ئەمەش لە گوندی "حەسەن نووران"، منداڵانی بەندکراوانی سیاسیی لەسێدارەدراو و لە گوندی "ئاڵیاوێ" بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لەلایەن دایک و باوکی عەبدولسەلام قادر گەڵوان و داپیری میلان حەقیقی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ئەم ڕێوڕەسمانە بەڕێوە چوون.