فەریاد حەمەشوور لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شنۆ نێردرایە مورەخەسی

18:47 - 4 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی هەینی، ٣ی خاکەلێوە، فەریاد حەمەشوور، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شنۆ بە دانانی بارمتە نێردرایە مورەخەسی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە بەندیخانەی ورمێوە نێردراوەتە مورەخەسی.

لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢دا، لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، حوکمی زیندانی فەریاد حەمەشوور، خۆپیشاندەری خەڵکی شنۆی بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشووی پشتڕاست کردەوە.

کۆبوونەوەی دادگای پێداچوونەوەی حوکمی ئەم خۆپیشاندەرە لە لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، بە سەرۆکایەتیی "عەلی حەسەن‌زادە" و ڕاوێژکارەکەی "حوسێن موحسنی" بەڕێوەچوو و ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی جۆزەردان حوکمی دادگای پێداچوونەوەی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا.

فەریاد حەمەشوور، کوڕی عەلی، ڕۆژی ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆ سەبارەت بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان و سەبارەت بە تۆمەتی "هاوکاری لە ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستی بانکەکانی سێپەهـ و ڕفاهی شنۆ" بە ٤ ساڵ زیندان و سەبارەت بە تۆمەتی "گوێنەدان بە مەئموورەکان هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی چەک" بە سێ ساڵ زیندان هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی زۆرترین سزا مەحکووم کرابوو.

هەروەها ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەکی دەمانچە"، لەلایەن لقی ١٠٤ی داداگایکەیفەری ٢ی ورمێوە سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.