محەممەدتاهیر حوسێن‌پوور بە ١٣ ساڵ بەندکران سزا درا

12:59 - 3 خاکەلێوه 2724

محەممەدتاهیر حوسێن‌پوور، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی نەغەدە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی" بە ١٣ ساڵ بەندکران سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "موحاربە و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردوووە و ئەم سزایە ڕەشەمەی ١٤٠٢ لە بەندیخانەی نەغەدە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، یەکی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کرد.

محەممەدتاهیر حوسێن‌پوور پاش ٤٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانەوە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەکەیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و ئازادیی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بێبەری بووە.

ڕەزبەری ١٤٠٠، محەممەدتاهیر حوسێن‌پوور بە تۆمەتەکانی "تێکدانی کەلوپەلی گشتی" و "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی گەلاوێژی ١٤٠٠ی خەڵکی نەغەدە"، لەلایەن دادگای ئینقلابی نەغەدەوە بە ١٥ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.