ئیلام؛ ساسان چەمەن‌ئارا بە سێ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن پارەی نەختی سزا درا

14:26 - 20 رەشەمه 2723

ڕۆژی ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، ساسان چەمەن‌ئارا لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ئیلامەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی گرووپەکان و میدیا دژبەرەکان"، بە سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درا.

ساسان چەمەن‌ئارا بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسی خۆیدا نووسیویەتی؛ هیچ دادگایەک بۆ من ڕێک نەخراوە و سزا دراوم. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی هیچکامیان لە سزا دەرکراوەکان بە شێوەی فیزیکی و بەڵگەمەند ڕادەستی سزادرانی سیاسی/ ئەمنییەتی ناکەن! و دەنگی دەرکراو بە سەرنجدان بە ڕاپۆرتی ئیتلاعاتی پارێزگای ئیلام و بەپێی تێگەیشتن لە قسەکانی تۆمەتبارەکە بووە.

ناوبراو ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، باسی لە ڕادەستکردنی دۆسییەکەی بۆ لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلام کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ساسان چەمەن‌ئارا بە مەبەستی وەرگرتنی ئاخرین بەرگری سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپەکان و ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزام"، بانگی لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، سێ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ساسان چەمەن‌ئارا و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کرد و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامیان ڕاگواست.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ئازاد کرا.

ساسان چەمەن‌ئارا، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، ناوبراو بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لە گرتنگەی "یەک ئەلف"ی ئیتلاعاتی سپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی "٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین" کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتە لە دەسبەسەریدا بووە.

ئەم هونەرمەندە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە دراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە نەشیاوی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرابوو و پاش یەک مانگ دەسبەسەرکران یەک جار پێوەندییەکی تلفۆنیی یەک خولەکیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتبوو.

ناوبراو پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرابوو و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ دۆخی خۆی و دەسپێڕانەگەیشتن بە درمان، مانی لە خواردن گرتبوو.

٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ساسان چەمەن‌ئارا، پاش ١٠٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا، لە بەندیخانەی تارانی گەورە ئازاد کرا.

ئەم هونەرمەندە ٣٣ ساڵەیە، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید عەلی موزڵووم"، بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ساسان چەمەن‌ئارا، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا لە کاتی دادگادا بینیویەتی.

پارێزەری ئەم هونەرمەندە پێش لە کۆبوونەوەی دادگا تەنیا یەک جار مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساسانی بووە و لە کۆبوونەوەی دادگادا دەرفەتی بەرگری لە ناوبراوی پێ نەدراوە.