٨ی مارسی ٢٠٢٤؛ سزادرانی ١٤ ژنی دەسبەسەرکراوی کورد بە بەندکران، لێدانی قامچی، پێبژاردن و سزای تەواوکەر

20:08 - 18 رەشەمه 2723

بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، کوردپا ئامارێکی لە دەرکرانی سزاکانی بەندکران، لێدانی قامچی، پێبژاردن و سزای تەواوکەر دژی ژنانی دەسبەسەرکراوی کورد لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا (٨ی مارسی ٢٠٢٣ هەتا ٨ی مارسی ٢٠٢٤) بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم ماوەیەدا، ١٤ کەس لە ژنانی دەسبەسەرکراوی کورد لە دادگاکانی ئینقلاب و کەیفەریی کۆماری ئیسلامیدا بەرەوڕووی ئەم سزایانە بوونەتەوە؛

٢٦ ساڵ و ١١ مانگ و ٢ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری

٧ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو

٢ ساڵ سزا بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی

لێدانی ٧٤ قامچی

پێبژاردنی ٣٥ میلیۆن تمەن پارەی نەخت

دوو ساڵ قەدەغەکرانی چوونەدەرەوە لە ئێران و دابینکردنی جلوبەرگ بۆ قوتابییانی بێهزیستی

وردەکاریی سزاکان دژی ١٤ ژنی دەسبەسەرکراوی کورد؛

٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١، واران محەممەدنژاد، خوێندکاری زانکۆی هونەری یەزد و ئەندامی ئەنجومەنی فەهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی گشتی، کۆبوونەوە و لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە یەک ساڵ بەندکرانی تەعلیقی سزا درا. ناوبراو لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە بوو کە ڕەزبەری ١٤٠١ دەسبەسەر کرا و خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢؛ شیلان کوردستانی، خەڵکی سنە و چالاکی بواری ژنان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامەتی لە گرووپی "ژیڤانۆ" بە ٢ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران سزا درا. ناوبراو لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە ڕەزبەری ١٤٠١ دەسبەسەر کرا.

٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢؛ خەدیجە مێهدیپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵكی ئیلام بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ لە سۆشیاڵ میدیا بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی"، بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران مەحکووم کرا. ناوبراو پووشپەڕی ١٤٠٢، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا و ڕەزبەری ١٤٠٢ هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی ئازاد کرا.

٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، مەهوەش تەوەسولی هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و کۆبوونەوە بە ٢ ساڵ سزادان بە پێبەندی ئێلێکترۆنییەوە سزا درا. ناوبراو لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە لە خەزەڵوەری ١٤٠١دا دەسبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، سزای ناوبراو بە پێبەندی ئێلکترۆنییەوە جێبەجێ کرا.

١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و کۆبوونەوە بە یەک ساڵ بەدکران و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درا. ناوبراو لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە چەند جار دەسبەسەر کراوە.

١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢؛ شەهلا چووپانی، خەڵکی سەقز بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان بە سێ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درا. ناوبراو ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢، دەسبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢؛ سروە پوورمحەممەدی خەڵکی سنە و ئەندانی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین بە تۆمەتی دروستکردنی دەستە و گرووپ بە ١٠ ساڵ بەندران سزا درا. ناوبراو لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە.

پاییزی ١٤٠٢، ڕۆیا حێشمەتی چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، تیكدانی بیروڕای گشتی و پەرەدان بە گەندەڵی، بە لێدانی قامچی و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرا. بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢، سزای لێدانی ٧٤ قامچی بۆ ناوبراو لە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا.

١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢؛ سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پیشوو و خەڵکی خوراسان بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پڕوپاگەندی دژی نیزام و بێڕیزی بە ڕێبەر، بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران سزا درا، ناوبراو لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بوو کە بە هۆی ئامادەبوون لەسەر مەزاری گیانلەدەستداوان دەسبەسەر کرا.

٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٢؛ گوڵاڵە وەتەندووست پاریزەری خەڵكی مەریوان و دانیشتووی سنە بە تۆمەتی کۆبوونەوە، دروستکردنی گرووپ و دەستە و پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ٦ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا.

یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ بەیان فەرجوڵڵاهی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا. ناوبراو ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢، دەسبەسەر و ٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی ئازاد کرا.

٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ سەمیرا ئەحمەدی خەڵکی سەقز لە دوو دادگای ئینقلاب  و کەیفەری بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تێکدانی نەزمی گشتی بە سێ ساڵ و ٨  مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە وڵات و سزای تەواوکەر سزا درا.

٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ فاتمە شێخی خەڵكی ئاوادان بە تۆمەتی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان بە یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درا.

بەبۆنەی ٨ی مارد، کوردپا لە ڕاپۆرتكی دیکەدا پەرژاوەتە سەر دۆخی ٩ ژنی بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە