ئیلام؛ ساسان چەمەن‌ئارا بە مەبەستی وەرگرتنی ئاخرین بەرگری بانگی لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام کرا

23:52 - 29 رێبەندان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ساسان چەمەن‌ئارا لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئیلام، بە مەبەستی وەرگرتنی ئاخرین بەرگری سەبارەت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپەکان و ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزام"، بانگی لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام کرا.

ساسان چەمەن‌ئارا بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی بانگکران و سامانەی سەنا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسی خۆیدا باسی لە بانگکرانی خۆی و ئامادەبوون لەم ناوەندە دادوەرییە لە ماوەی ٥ ڕۆژی داهاتوودا کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕێبەندان، ساسان چەمەن‌ئارا، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، سێ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ساسان چەمەن‌ئارا و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامیان ڕاگواستووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ساسان چەمەن‌ئارا، پاش ١٠٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا، لە بەندیخانەی تارانی گەورە ئازاد کرا.

ئەم هونەرمەندە ٣٣ ساڵەیە، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید عەلی موزڵووم"، بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ساسان چەمەن‌ئارا، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا لە کاتی دادگادا بینیویەتی.

پارێزەری ئەم هونەرمەندە پێش لە کۆبوونەوەی دادگا تەنیا یەک جار مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساسانی بووە و لە کۆبوونەوەی دادگادا دەرفەتی بەرگری لە ناوبراوی پێ نەدراوە.

ساسان چەمەن‌ئارا، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، ناوبراو بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لە گرتنگەی "یەک ئەلف"ی ئیتلاعاتی سپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی "٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین" کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتە لە دەسبەسەریدا بووە.

ئەم هونەرمەندە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە دراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە نەشیاوی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرابوو و پاش یەک مانگ دەسبەسەرکران یەک جار پێوەندییەکی تلفۆنیی یەک خولەکیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتبوو.

ناوبراو پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرابوو و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ دۆخی خۆی و دەسپێڕانەگەیشتن بە درمان، مانی لە خواردن گرتبوو.