ناڕوونیی چارەنووسی مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨

12:25 - 14 رێبەندان 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سۆران مەنسوورنیا، برای بورهان مەنسوورنیا لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا نووسیویەتی: لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، بنەماڵەی مەتین حەسەنی سەردانی هەموو ناوەندە ئەمنییەتییەکانی بۆکان و ورمێیان کردووە، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە و ڕوون نییە کە لە کوێ ڕاگیراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، لە بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ٨ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاگادارە ڕایگەند: هێزە ئەمنییەتییەکان بە توندوتیژییەوە مەتین حەسەنییان دەسبەسەر کردووە.

ئەم بریندارەی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پشتیوانیی لە خەڵک، بنەماڵەی گیانلەدەستداوان و بریندارانی ناڕەزایەتییەکان کردووە و چەندین جار هەڕەشەی لێ کراوە و بانگ کراوە.

مەتین حەسەنی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا، لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە شاری بۆکان، چاوێکی لەدەست دابوو.