بەندیخانەی ورمێ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی زەکەریا کەریمی، برای ئەیووب کەریمی، زیندانیی عەقیدەتیی لەسێدارەدراو

23:37 - 29 رێبەندان 2723

٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو مانگ و ٢٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی زەکەریا کەریمی، برای ئەیووب کەریمی، بەندکراوی عەقیدەتیی لەسێدارەدراو و خەڵکی مەهاباد، ناوبراو هێشتا دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زەکەریا کەریمی هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا، بەڵام هەتا ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە و بە بێ دەرکردنی بڕیاری بارمتە دەسبەسەرە.

٦ی سەرماوەز، زەکەریا کەریمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سەردەشت، دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا.

زەکەریا کەریمی پاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە دایکی کە تێێدا ئاماژەی بە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ئەیووب کەریمی و نادادپەروەرانە بوونی سزاکەی کردبوو، دەسبەسەر کرا.

دایکی ئەیووب لەم ڤیدیۆیەدا وتبووی؛ ئەیووب کەریمی کوڕی منە. ١٤ ساڵە دەسبەسەرە و دەرکردنی سزاکەی و داگاییکردنەکەشی نادادپەروەرانە بووە. ئێستاش مەترسیی جیددیی جێبەجێکرانی سزاکەی لەئارادایە. لە کوێی مێژوودا هاتووە کە موسوڵمانێک بە بێ ئەوەی شتێک لە دژی سەلمێندرابێ، لە سێدارە بدرێ؟ داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە دەنگی من دەبیستن، ڕێگەچارەیەکمان پێ نیشان بدەن. داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکەم هەرچەند هیچ کارێکی نەکردووە بەڵام ئەم هەموو ساڵ بەندکرانە لە منداڵەکەم خۆش بێ؛ هەرچەند کۆماری ئیسلامی دەبوایە دادپەروەرە بایە.

زەکەریا کەریمی لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و پاش ڕاگوێزران بۆ بەندیخانەی ورمێ توانیویەتی پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات.

زەکەریا کەریمی کوڕی عومەر، خێزاندار و خاوەنی چوار منداڵە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەز، ئەیووب کەریمی، زیندانیی عەقیدەتیی کوردی خەڵکی مەهاباد، پاش ١٤ ساڵ زیندانیبوون، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج، لە سێدارە درا.