٧ کەس لە دەسبەسەرکراوانی سەقز لەلایەن دادگای سزا کەیفەرییەکانەوە بە بەندکران و لێدانی قامچی سزا دران

00:51 - 25 رێبەندان 2723

٧ کەس لە دەسبەسەرکراوانی سەقز بە ناوەکانی "هیوا جەهانی" تەمەن ٤٠ ساڵ و کوڕی محەممەد، "شێرکۆ حیجازی" تەمەن ٤٠ ساڵ و کوڕی محەممەد، "هیوا تاتایی" تەمەن ٤٨ ساڵ و کوڕی محەممەدساڵح، "سەفا عائێلی" تەمەن ٢٧ ساڵ و کوڕی عەبدولڕەحمان، "محەممەدئازاد ئەمینی" تەمەن ٥٢ ساڵ و کوڕی نەجمەدین، "سەمیرا ئەحمەدی" تەمەن ٣٢ ساڵ و کچی مەحموود و "ئومید موقەدەس" تەمەن ٤٤ ساڵ و کوڕی ئەنوەر لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی"،بە بەندکران و لێدانی قامچی سزا دران.

بەپێی سزای دەرکراو لە لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقز، سەفا عائێلی بۆ تۆمەتی "دابینکردنی کەرەستەی ئەنجامدانی تاوان بە مەبەستی تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچیی تەعزیری و بۆ تۆمەتی "تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری سزا دراوە و بەپێی بەندی "ث" لە ماددەی ١٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکرانی تەعزیری پەسەندکراوی ١٣٩٩، زۆرترین سزا بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێ.

دادگا بە پشتبەستن بە ماددەکانی ٦٤ تا ٨٧ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٩٢ و ئاییننامەکانی ماددەی ٧٩ی یاسای ناوبراو، سزای سەفا عائێلی بۆ خزمەتگوزاریی خۆڕایی (پێبژاردنی تێچوو و بردنی منداڵی هەژاری ژێر چاوەدێریی کۆمیتە ئیمداد بۆ گەڕان و سەفەر و شاری یاری لەژێر چاوەدێریی ئەو ناوەندە و ڕۆژانە بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لە ماوەی یەک ساڵدا و هەروەها دابینکردنی جلوبەرگ و جانتا و پێڵاوی قوتابخانە بۆ ٢٠ قوتابیی کچی قۆناغی سەرەتایی کە دایک و باوکیان نەماوە و  لەلایەن کۆمیتەی ئێمداد و بێهزیستیی سەقزەوە دەستنیشان کراون) گۆڕیوە.

هەروەها ٦ هاووڵاتییەکەی دیکە بۆ تۆمەتی "دابینکردنی کەرەستەی ئەنجامدانی تاوان بە مەبەستی تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٨ مانگ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٧٠ قامچی سزا دراون و دادگا بە پشتبەستن بە ماددەکانی ٦٤ هەتا ٨٧ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٩٢ و ئاییننامەکانی ماددەی ٧٩ی یاسای ناوبراو سزای هەر یەک لەم کەسانەی بە خزمەتگوزاریی خۆڕایی (پێبژاردنی تێچوو و بردنی منداڵی هەژاری ژێر چاوەدێریی کۆمیتە ئیمداد بۆ گەڕان و سەفەر و شاری یاری لەژێر چاوەدێریی ئەو ناوەندە، ڕۆژانە بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لە ماوەی یەک ساڵدا و هەروەها دابینکردنی جلوبەرگ و جانتا و پێڵای قوتابخانە بۆ ٢٠ قوتابیی کچی قۆناغی سەرەتایی کە دایک و باوکیان نەماوە و لەلایەن کۆمیتەی ئێمداد و بێهزیستیی سەقزەوە دەستنیشان کراون) گۆڕیوە.
لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقز سەبارەت بە سزای قامچیی تەعزیریی ئەم ٧ هاووڵاتییە بە پشتبەستن بە ماددەکانی ٤٦ هەتا ٥٥ی یاسای ئاماژەپێکراوی ئاخر، بڕیاری هەڵپەساردنی سادەی جێبەجێکرانی هەموو سزاکانی قامچیی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەر کردووە.

 کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم ٧ هاووڵاتییە لە ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندان لە لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقز بەڕێوە چوو ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان پێیان ڕاگەیەندراوە.

ئەم ٧ هاووڵاتییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی"، بە بەندکران، سزای نەختی و سزای تەکمیلی سزا دران.

سەفا عائێلی،خاڵۆی ژینا ئەمینی و ئەم ٦ هاووڵاتییە، خەرمانانی ١٤٠٢ لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا یەمینیدا دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.