ئیلام؛ محەممەدکومەیل زەندخانی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش دەسبەسەرکران و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

21:10 - 22 رێبەندان 2723

محەممەدکومەیل زەندخانی، لاوی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی ئیلام، کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دوو جار دەسبەسەر کرابوو، پاش پیراگەیاندنی سزای ١٣ ساڵ بەندکران و دەسبەسەرکرانی کورت خایەن و هەڕەشەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا، کاتژمێر ٣ی نیوەشەوی پێنجشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لە بینای ٦ نهۆمیی شوێنی ژیانی خۆیەوە، خۆی فڕێ داوەتە خوارەوە و گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم لاوە بە هۆی ڕاگەیاندنی سزای ١٣ ساڵ بەندکران، لەژێر گوشاری زۆری دەروونیدا بووە؛ هەروەها پاش ئەوەی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان چەندین جار لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە پێوەندییان لەگەڵ ئەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵە و باوکی گرتووە و بانگیان کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە لە ماڵەکەیدا دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بە سەرنجدان بەوەی کە سزای ١٣ ساڵ تەنیا بە شێوەی زارەکی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و چەند سەرچاوەیەکیش ئەمەیان پشتڕاست کردووەتەوە بەڵام کوردپا ناتوانێ ڕاستەوخۆ ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئەم سزایە دەر کراوە یان نە؛ بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بەم شێوازە ئەم لاوە کەوتووەتە ژێر گوشاری دەروونییەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ ئەم لاوە لە دادگادا دۆسییەیەکی کراوەی بە تۆمەتی "هەوڵی چەکدارانە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" هەبووە و هێشتا سزاکەی دیاری نەکراوە.

پاش چەند کاتژمێر ئەشکەنجە و هەڕەشە لەم لاوە کوردە، لەکاتێکدا کە بەتوندی ئەشکەنجە دراوە، لە ماشینێکی لە جۆری سەمەند لە بەر دەرکەی ماڵەکەی خۆیدا فڕێ دەدرێتە خوارەوە. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ محەممەدکومەیل زەندخانی لەم ماوە کورتەی دەسبەسەرکرانیدا بە لێدان و توندوتیژی هەڕەشەی لێ کراوە کە "کوژرانی هەموو ئەو کەسانەی کە لە ئیلام کوژراون دەخرێتە ئەستۆیەوە."

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کوردپا، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئیلامدا جگە لە هاووڵاتییانی مەدەنی کە بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون، هیچ هێزێکی حکوومەتی نەکوژراوە.

چەند کاتژمێر دوای خۆکوژیی محەممەدکومەیل زەندخانی، هێزە ئەمنییەتییەکان تەرمەکەی لەگەڵ خۆیان دەبەن و نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو و واژۆی بنەماڵەکەی و هەڕەشەکردن بۆ بێدەنگبوون و بەمیدیایی نەکردنی ئەم بابەتە، تەرمەکە ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکەنەوە. مۆبایلی ئەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵەیە لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و تاکوو ئێستا رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ئەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵە، پیش لە خۆکوژی بە ناردنی نامە ماڵاوایی لە هاوڕێکانی کردووە.

ئەم لاوە کوردە سێ جار هەوڵی خۆکوژیی دابوو و لە جاری سێهەمدا، هەوڵەکەی سەرکەوتوو بوو و گیانی لەدەست دا. سەرەتاکانی ڕێبەندانی ١٤٠١، محەممەدکومەیل زەندخانی لە کاتێکدا کە ١٧ ساڵ تەمەنی بوو، پاش ئازادیی کاتی بە بارمتەی یەک میلیاردی لە دەسبەسەرکرانی دووەم و بە هۆی هەوڵی خۆکوژی چووە کۆماوە و لە نەخۆشخانەدا خەوێندرا. ناوبراو ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە بەدەستهێنانەوەی وشیاریی خۆی لە مردن ڕزگاری بوو. ناوبراو پێشتریش جارێک هەوڵی خۆکوژیی دابوو.

محەممەدکومەیل زەندخانی، جاری یەکەم لە خەزەڵوەری ١٤١دا و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلامدا دەسبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. دواتر لە ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠١دا دیسانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٣ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی ڕەوانەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئیلام کرا و دواتر بە دانانی بارمتەی یەک میلیاردی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ناوبراو بەتوندی ئەشکەنجە درابوو جیا لەوەی کە بە مشت و شەق و باتوم لێ درابوو، بە هۆی ئەشکەنجە بە شۆکێری کارەبایی لە هۆش خۆی چووبوو. لە ئاکامی ئەشکەنجەکەشدا یەکێک ڕۆباتەکانی پای پچڕابوو.

پێشتریش لەلایەن چالاکانی کوردی ئیلامەوە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئەشکەنجە دەروونییەکانی ناوبراو لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا و لە کاتی دەسبەسەرکراندا بڵاو بووەوە. بە وتەی ئەم چالاکانە بەشێک لە ئەشکەنجە دەروونییەکان دژی ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسیدا بووە کە هەر شەو ئاخوندێکیان ناردووەتە ژوورەکەی و داوایان لێ کردووە کە دۆعای خۆی بخوێنێ چونکە سبەینێ لە سێدارە دەدرێ.

بە وتەی جالاکانی ئیلام، یەکێکی دیکە لە ئەشکەنجەکان دژی ئەم لاوە تەمەن ١٧ ساڵە، پێدانی حەبی ڕەوانگەردان بووە.

یەکێکی دیکە لە سەرجاوەکانی کوردپا سەبارەت بە ئەشکەنجەی دەسنەسەرکراوانی ئیلام دەلێ؛ هەڕەشەی لێدانی دەرزی و پێدانی دەرمان یەکێک لەو ئەشکەنجانە بووە کە دژی دەسبەسەرکراوان کراوە، بە جۆرێک کە لێپرسەکان هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر ئازادیش بکرێن، ئەم دەرمانانە وا دەکەن کە شێت بن، بە جۆرێک کە خۆکوژی بکەن!

جیا لە دۆخی دەروونیی ناجێگیری محەممەدکومەیل پاش ئازادیی کاتی بە هۆی ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییەکانەوە، بانگ کردن، گوشار و هەڕەشە بەردەوامەکان دژی ئەم لاوە کوردە و بنەماڵەکەی، گوشارێکی چەند قاتی خستووەتە سەر ئەم لاوە کوردە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا، سەرکوت لە ئیلام تاکوو ئێستا لە ڕێگەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دژی دەسبەسەرکراوان و بەتایبەتی بنەماڵەکانیان درێژەی هەیە. ئەوان دەڵێن شێوازی سەرکوت لە ڕێگە جۆرەکانی ئەشکەنجەی دەروونی لەنێو بەندیخانە و هەروەها شێوازی هەڕەشە و ترساندن پاش ئازادکران دژی دەسبەسەرکراوان و بنەماڵەکانیان درێژەی هەیە.

محەممەدکومەیل زەندخانی، لەدایکبووی یەکی خەزەڵوەری ٨٤ خەڵکی هۆزی عالی‌بەیگی لە ئیلام بوو. ناوبراو دوو مانگ و ٢٠ ڕۆژ بوو کە تەمەنی گەیشتبووە ١٨ ساڵ.