ورمێ؛ مامۆستا محەممەد خزرنژاد بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکران سزا درا

11:59 - 22 رێبەندان 2723

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا نەجەفزادە"، بە تۆمەتگەلێکی وەک "افساد فی‌الارض"، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی زیانگەیاندن بە سەربەخۆیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکران سزا دران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادگا بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، پێوەندی لەگەڵ گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکان، لیدری لە ناڕەزایەتییەکانی بۆکان و زیانگەیاندن بە شوێنە گشتییەکانی نموونەیەک لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم مامۆستا کوردە ناو بردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند؛ ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و پاش چوار دانیشتنی کورتی دادگا، دادگاکە ناوبراوی بە لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکران سزا دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: مامۆستا محەممەد خزرنژاد، هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لە دادگادا ڕەت کردوونەتەوە و سەبارەت بە سزای دەرکرا و لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕادەستی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا ڕایگەیاند: ئەم مامۆستا کوردە لە ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بەتوندی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کران.

دەسبەسەرکرانی ئەم مامۆستا ئایینییە پاش قسەکانی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی بۆکان دەسبەسەر کرابوو.

ئەم مامۆستایە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی گیانلەدەستداوان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، خوازیاری ڕاگرتنی کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بووە و ڕایگەیاندبوو کە "لە جیاتی بەکارهێنانی سەرکوت بیر لە ڕێکاری لۆژیکی و چارەسەری کێشەکان بکەنەوە، هەموو دەزانین کە توندوتیژی و کوشتار بە هێچ کوێ ناگات."

هەروەها ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠١، ئەم مامۆستا کوردە لەگەڵ ٤٥٣ مامۆستای دیکە بە واژۆی بەیاننامەیەک لە پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدی ڕایگەیاندبوو: ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سوننیی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیی لێبڕاوی خۆی لە داخوازییە ڕەوا و یاساییەکانی خەڵک، توندوتیژی و دەسبەسەرکران و کوشتنی ناڕازییان بەتوندی مەحکووم دەکات و وێڕای ئاوات خواستن بۆ ئارامیی کوژراوانی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و ڕاگەیاندنی هاوخەمی لەگەڵ کەسوکاریان، سەرەخۆشیی خۆمان لە خەڵکی ستەملێکراوی ئێران ڕادەگەینین."

مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ کراوە و بە فەرمانی "مرکز بزرگ اسلامی غرب کشور" و ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە پێشنوێژیی مزگەوکەتانی سنە و بۆکان دەر کراوە.