فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد لە زیندانی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە درا

13:27 - 3 رێبەندان 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندان، سزای لەسێدارەدرانی مامۆستا فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد، پاش ١٤ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.

شەوی شەممە، ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٢، مامۆستا فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی عەقیدەتیی کوردی خەڵکی سەقز کە سێ حەفتە بوو مانی لە خواردن گرتبوو، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا.

ڕۆژی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢، سزای لەسێدارەدرانی داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی عەقیدەتی، پاش یەک حەفتە ڕاگوێزران بۆ ژووری تاکەکەسی لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج، لەم بەندیخانەیە جێبەجێ کرا. هەروەها سزای لەسێدارەدرانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی، لە ڕۆژەکانی ١٤ی خەزەڵوەر و ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا لە بەندیخانەی قزڵحسار جێبەجێ کرا.

پاش جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندبوون کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکانیان دەبێ بێدەنگ بن.

دۆسییەی ئەم بەندکراوانە زۆر ناڕوون و پڕ لە کەموكۆڕیی یاسایی و ڕەوتی دادڕەسیی نادادپەروەرانەیە. تاکوو ئێستا هیچ پارێزەرێک دۆسییەی ئەم بەندکراوانەی نەبینیوە و خودی بەندکراوان چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە سزاکانیان لەژێر دانپێدانانی زۆرەملێ و چەندین مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسیدا بووە.

ئەم زیندانییە عەقیدەتییانە، لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کراون. پاش ١٤ ساڵ زیندانیبوون، حوکمی لەسێدارەدرانی قاسم ئابستە، ئەیووب کەریمی و داوود عەبدوڵلاهی لە ڕۆژەکانی ١٤ی خەزەڵوەر، ٨ی سەرماوەز و ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا لە زیندانی قزلحساری کەرەج، لە سێدارە دران.

دۆسییەی ئەم زیندانییانە، لە ساڵی ١٣٩٨دا پاش پشتڕاستکرانەوە، ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کرا. هەروەها ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩، لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵات، داواکاریی دادڕەسیی ئەم زیندانییانەی ڕەت کردەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە مەودای نێوان ناوەڕاستەکانی مانگی سەرماوەز هەتا سەرەتاکانی ڕێبەندانی ١٣٨٨ لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کران. ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە بۆ ماوەی چەند مانگ لەم گرتنگە ئەمنییەتییەدا بە مەبستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە دران.

بە کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کراون و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژووری تاکەکەسیی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا لێپرسینەوەیان لێ کرا.

کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤، کۆبوونەوەی دادگای ئەم ٧ زیندانییە بە تۆمەتەکانی وەک "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی‌الارض"، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقسیە، بەڕێوە چوو و لە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ حوکمی لەسێدارەدرانەکە دەر کرا و بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندرا.  پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە بەم حوکمە، دۆسییەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرا و کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥ ئەم حوکمە هەڵوەشایەوە.

پاش ڕەوانەکرانی ئەم دۆسییەیە بۆ لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا، ئەم ٧ زیندانییە جارێکی دیکە بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کران. پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە، دۆسییەکە ڕەوانەی لقی ٤١ دیوانی باڵای وڵات کرا و لە ڕێبەندانی ٩٨دا ئەم حوکمە جارێکی دیکە پشتڕاست کرایەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خەسرەو بشارەت، لە پووشپەری ساڵی ١٣٩٨دا، لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی مامۆستایەکی ئایینیی سووننە بە ناوی عەبدولڕەحیم تینا، مەحکووم کران. بەپێی حوکمی دەرکراو کە لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩دا بەم زیندانییانە ڕاگەیەندرا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتن"، هەر کام بە ١٠ ساڵ زیندان و کامران شێخە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، بە قیساس مەحکووم کران.

ئەم ٧ زیندانییە عەقیدەتییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا، پاش داخران و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕەوانەی زیندانی قزڵحسار کران.