برینداربوونی کۆڵبەرێک بە فیشەک و لێدانی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە لە سنووری بانە

04:36 - 29 بەفرانبار 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئیدریس ئیسماعیلی"، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی سەقز بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک و لێدانی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە، بەتوندی بریندار بوو.

 بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم کۆڵبەرە سەرەتا لە نزیکەوە لەلایەن هێزەکانی هەنگی سنوورییەوە تەقەی لێ کراوە و دواتر ئەم هێزانە بە پوتینەکانیان لێیان داوە.

هێزەکانی هەنگی سنووری پاش بریندارکردنی ئەم کۆڵبەرە بەجێیان هێشتووە و پاش چەند کاتژمێر لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. 

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئیدریس ئیسماعیلی و ئەو کۆڵبەرانەی کە لەگەڵی بوون هیچ بارێکیان پێ نەبووە.

ئیدریس ئیسماعیلی خێزاندار و باوکی منداڵێکە.