سنە؛ گێڕانەوەیەک لە چۆنیەتیی قەتڵی حکوومەتیی محەممەد شەریعەتی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

17:53 - 27 بەفرانبار 2723

ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ چلەی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەربڵاو لە شاری سەقز و مانگرتنی سەرتاسەری لە شارەکانی دیکەی کوردستان، ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. شاری سنە ئەو ڕۆژەی بە مانگرتن دەست پێ کرد و نزیکەی نیوەڕۆ خەڵک لە شەقامەکانی ئەو شارە درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکەیان دا. محەممەد شەریعەتی کە هەر لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەگەڵ خەڵک ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو، لە ڕۆژی چلەی ژینا ئەمینیدا هاتە سەر شەقام و لەگەڵ خەڵک ناڕەزایەتیی دەربڕی، بەڵام بە فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

 کوردپا کە بە شێوەی تایبەت شێوەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەگێڕێتەوە، ئەمجارە شێوازی قەتڵیی حکوومەتیی "محەممەد شەریعەتی" لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی سنە دەگیڕێتەوە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی چلەی ژینا ئەمینیدا، بە فیشەکی ساچمەیی و دووکەڵی نوخاع و جەرگی کرانە ئامانج و گیانی لەدەست دا.

پێکرانی نوخاغ و جەرگی محەممەد شەریعەتی لە مەودای ٥٠ میترییەوە؛

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، خەڵکی سنە پاش بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینیدا، دووبارە ناڕەزایەتیی خۆیان لە شەقامەکان دەست پێ کردەوە. شەقامەکانی بلواری دکتور حوسێنی یەکێک لەو شوێنانە بوو کە خەڵکی تێدا کۆ ببوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو کە لەگەڵ تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بەرەڕوو بوونەوە و ناڕەزایەتییەکان تێکەڵ بە توندوتیژی بوون. "محەممەد شەریعەتی" لە گیانلەدەستدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی یەکێک لەو هاووڵاتییە ناڕازییانە بووە کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە نوخاغ و جەرگی بەسەختی بریندار بوو.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمەڕ چۆنیەتیی تەقەکردن لە محەممەد شەریعەتی دەڵێت؛ کاتژمیر ١٢ی نێوەڕۆ "محەممەد" لە قەراغی یەکێک لە شەقامەکانی بلواری "دوکتور حوسێنی" و لە مەودای  ٥٠ میترییەوە کرایە ئامانجی فیشەکی ساچمەیی و دووکەڵیی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران و بەهۆی پێکرانی نوخاع و جەرگی، بەسەختی بریندار بوو.

گیانلەدەستدانی محەممەد شەریعەتی پاش نیو کاتژمێر لە برینداربوونی و بە بارمتەگرتنی تەرمەکەی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە؛

پاش برینداربوونی محەممەد شەریعەتی خەڵک نەیانتوانیبوو لە شوێنی ڕووداوەکە دووری بخەنەوە، هەر بەم هۆیەوە ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٣٣ ساڵەیە، بە برینداری و لەکاتێکدا کە خوێنی لێ دەچوو کەوتە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان. ئەو هێزانە لەگەڵ دەسبەسەرکردنی محەممەد شەریعەتی هەوڵی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەری" سنە دەدەن، بەڵام پاش نیو کاتژمێر و لە پێش دەرگای نەخۆشخانەکە، گیانی لەدەست دەدات.

تەرمی محەممەد شەریعەتی پاش گیانلەدەستدانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسدارانەوە، ڕادەستی پزیشکی دادوەری دەکرێت. هیزە سەرکوتکەرەکان تەرمی ئەو هاووڵاتییە ناڕەزاییە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لە پزیشکیی دادوەریدا بە بارمتە دەگرن و بەتوندی هەڕەشە لە بنەماڵەکەی دەکەن کە تەرمی کوڕەکەیان دەبێت شەوانە و بەبێ ئامادەبوونی خەڵک بە خاک بسپێردرێت. بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە؛ تەرمی محەممەد شەریعەتی نزیک بە کاتژمێر ٢ی شەوی ٥ خەزەڵوەری ١٤٠١، بەبێ ئامادەبوونی خەڵک و تەنیا بە ئامادەبوونی باوکی، لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا، ئەسپەردەی خاک کرا.

لە بەڵگەی پزیشکیی دادوەریدا، هۆکاری گیانلەدەستدانی محەممەد شەریعەتی، "بەرکەوتنی شتی سەخت و تێژ" ڕاگەیەندراوە.

بەخشداریی سنە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لە باوکی محەممەد شەریعەتی، تەرمی ناوبراوی ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە؛

سەبارەت بە بەبارمتەگیرانی تەرمی محەممەدی شەریعەتی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، وردەکارییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپاوە نیشانی دەدەن دوا ئەوەی کە باوکی محەممەد شەریعەتی سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی بارمتەگیراوی کوڕەکەی لە ساردخانەی سپای پاسداران لە سنە، بێهیوا دەبێت، هانا بۆ فەرماندار و بەخشداری ئەو شارە دەبات.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەسەدوڵڵا شەریعەتی باوکی محەممەد شەریعەتی، بە ناچاری سەردانی فەرمانداریی سنەی کردبوو و لەوێ بەڵێنییان پێ دابوو کە تەرمی کوڕەکەی ڕادەست بکەنەوە. دواتر کاتژمێری ١٠ی شەوی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەخشداری سنە بە بانگهێشتکردنی ئەسەدوڵڵا شەریعەتی و لێوەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، ئیزنی داوە کە تەرمی محەممەد شەریعەتی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە.

بەخاکسپاردنی محەممەد شەریعەتی لەلایەن هێزە سەرکوتکرەکانی حکوومەتەوە و تەنیا بە ئامادەبوونی باوکی؛

پاش ئەوەیکە ئەسەدوڵڵا شەریعەتی توانیی تەرمی بەبارمتەگیراوی کوڕەکەی وەربگرێتەوە، بۆ ناسینەوە و پشتڕاستکردنەوەی شوناسی تەرمەکە، ڕوخساری محەممەدی پێ نیشان دەدرێت. لە درێژەدا هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی بەخاکسپاردنی محەممەد شەریعەتی بە بنەماڵەکەی نادەن و خۆیان و تەنیا بە ئامادەبوونی باوکی، تەرمەکەی ئەسپەردەی خاک دەکەن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە کاتی ئەسپەردەکردنی تەرمی محەممەد شەریعەتیدا، هێزە ئەمنییەتییە سەرکوتکەرەکان دەورووبەری گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدی" و دەورووبەری ماڵی محەممەد شەریعەتی لە سنەیان گەمارۆ دابوو.

لە ڕێوڕەسمەکانی پرسە، حەفتە و چلەی محەممەد شەریعەتیدا، هێزە ئەمنییەتییە سەرکوتکەرەکان لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدی" ئامادە بوون و تەنانەت لە پێش دەرگای  گۆڕستان و سەر کێوەکان جێگیر کرابوون.

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ تۆمارکردنی ناوی محەممەد شەریعەتی وەکوو "شەهیدی کۆماری ئیسلامی" و ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە؛

لە درێژەی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی شەریعەتی، ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەوڵ دەدەن کە ناوی "محەممەد شەریعەتی" وەکوو "شەهیدی کۆماری ئیسلامی" تۆمار بکەن. بەڵام کاتێک کە باوک و مامی محەممەد، بۆ تۆمارکردنی ناوی کوڕەکەیان لە "بونیادی شەهید" دەخەنە ژێر گوشارەوە، لەگەڵ دژایەتی ئەوان بەرەڕوو دەبنەوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ ئەسەدوڵڵا شەریعەتی لە وڵامی بەڵێن و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا وتبووی، خوێنی محەممەدی کوڕم ڕێز و حورمەتی هەیە و بە تەواوی ماڵ و سامانی دونیای نافرۆشم. خوێنی کوڕەکەم بۆ فرۆشتن نابێ، تەنانەت ئەگەر بە نرخی گیانی خۆم بێت.

بانگکردنی خوشکی محەممەد شەریعەتی بۆ قەرارگای ئەمنییەتیی شارامفەر پاش ساڵوەگەڕی براکەی؛

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی محەممەد شەریعەتی، خوشکەکەی لەلایەن قەرارگای ئەمنییەتیی شارامفەرەوە بانگ دەکرێت و سەبارەت بە ڕۆیشتنی بۆ سەر مەزاری گیانلەدەستداوانی سەقز لەگەڵ بنەماڵەکانی دیکەدا، لێپرسینەوەی لێ دەکرێ و دەخرێتە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە.

بەوتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ئیتلاعاتی قەرارگای شارامفەر، بە نووسینی ناو و زانیاریی هاوسەر و منداڵەکانی خوشکەکەی محەممەد لەسەر لاپەڕەیەکی کاغەز، پەنجەمۆری لێ وەردەگرن کە سەبارەت بەو بانگکرانە لەگەڵ هیچ میدیایەک وتووێژ نەکات.

محەممەد شەریعەتی؛

محەممەد شەریعەتی لەدایکبووی ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٩، لە شاری سنە و کوڕی ئەسەدوڵڵا و سوەیبەیە.

ناوبراو کاری سافکاریی ماشین کردووە.

ئامادە کردنی؛ ستار ئیبراهیمی