بۆکان؛ ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی بەبێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بە "افساد فی الارض" تۆمەتبار کران و هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لێ کرا

11:42 - 25 بەفرانبار 2723

ڕەئووف شیخ‌مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، بەبێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بە "افساد فی الارض" تۆمەتبار کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەو کەسانە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەی دیاریکراو لە ماوەی ١٠ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتیدا بێبەری کراون، بە "افساد فی الارض" تۆمەتبار کراون و تۆمەتەکەیان پێ ڕاگەیەندراوە و هەڕەشەی لە سێدارەدانیان لێ کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: خودی حکوومەت پارێزەری بۆ ئەو سێ هاووڵاتییە داناوە، بەڵام هەتا ئێستا نە خۆیان و نە بنەماڵەکەیان نازانن ئەو پارێزەرانە کێن و ئەگەر لە کاتی دادگاییکردنیاندا بنەماڵەکانیان ئاگادار بکەنەوە، بنەماڵەکان دەتوانن پارێزەرەکە ببینن.

 سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێت؛ ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان دژایەتییان لەگەڵ ئازادیی کاتیی ئەو سێ هاووڵاتییە کردووە و پێشیان بە دیاریکردنی بارمتەش کردووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران، بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون و هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبووڵکردنی تۆمەتی "بەشداریکردن لە کوشتنی یەکێک لە هێزە ئەمنییەتییەکان" لە شاری بۆکان، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان، ئازار و ئەشکەنجەی توندی ڕۆحی و ڕەوانی دابوو.

ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠١، محەممەد فەرەجی ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ و کامران سوڵتانی ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران و هەتا ئێستا بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەو شارەدا دەسبەسەرن.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ؛ ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی