دەستداگرتن بەسەر خەڵاتی ساخارۆف، پاسپۆرت و مۆبایلی ساڵح نیکبەخت پاش گەڕانەوە لە فەرانسە

18:55 - 2 بەفرانبار 2723

شەوی هەینی، یەکی بەفرانبار، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، پاش گەڕانەوە لە سەفەری فەرانسە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران، کەوتە بەر لێپرسینەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەر لەوێ دەستیان بەسەر خەڵاتی ساخارۆفی پارلەمانی ئورووپادا گرت کە پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان جگە لە خەڵاتی ساخارۆف، دەستیان بەسەر پاسپۆرت و مۆبایلی ساڵح نیکبەختیشدا گرتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاراندا ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە چوونەدەروەی لە ئێران قەدەغە کراوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەم حوکمە لە ڕێگەی سامانەی سەناوە بۆ ئەم پارێزەرە کوردە نێردراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: حوکمی زیندانی ساڵح نیکبەخت لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام پارێزەری دۆسییەکەی داواکاریی خۆی بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کردووە و دۆسییەکە بۆ چاولێکردنەوەی دووبارە ڕادەستی لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بەپێی هۆشدارییەک کە بە نیکبەخت دراوە، دەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، خۆی بە لقی یەکی جێبەجێکاری حوکمە کەیفەرییەکانی دادسەرای موقەدەسی تاران بناسێنێ.

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەز، خەڵاتی مافی مرۆیی ساخارۆف، لە شاری ستراسبۆرگی وڵاتی فەرانسە، پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرا.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، بە نوێنەرایەتی لەم بنەماڵەیە و بە هۆی قەدەغەکرانی چوونەدەرەوەی خۆیان لە ئێران لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، خەڵاتەکەی وەرگرت.

بنەماڵەی ژینا ئەمینی بڕیار بوو سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەز، بۆ  بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف لە پارلەمانی ئورووپا، بچنە فەرانسە کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاراندا، پێشیان بە سەفەرەکەیان گرت.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە موژگان ئێفتخاری، ئەمجەد ئەمینی و  ئەشکان ئەمینییان ڕاگەیاندووە کە چوونەدەرەوەیان قەدەغە کراوە و پاسپۆرتەکانیشیان لە فڕۆکەخانەدا لێیان وەرگیراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری دۆسییەی ژینا ئەمینی، لەلایەن لقی ٢٨ی داداگی ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بە بێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ناوبراو و پارێزەرەکەی "عەلی ڕەزایی"، بە زۆرترین سزای تاوانی پڕوپاگەندە دژی نیزام، واتە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و سزای تەکمیلیی "قەدەغەبوونی چالاکییەکانی لە سۆشیاڵ میدیا بۆ ماوەی ٢ ساڵ"، مەحکووم کرا.