مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، بە سێ ساڵ زیندان سزا درا

20:08 - 30 سەرماوەز 2723

مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، پێشنوێژی مزگەوتی "چوار یاری نەبی"ی شاری پیرانشار، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێدا بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم مامۆستا کوردەی بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، هاندانی خەڵک و واژۆکردنی بیاینییەی مامۆستایانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی"، تۆمەتبار کردووە و ئەم حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠١، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا.

ئەو مامۆستا کوردە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و لەو ماوەیەدا، لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، بەهۆی پشتیوانی لە خۆپیشاندانە خەڵکییەکان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و دەسبەسەر کرابوو، دواتر بۆ لێپرسینەوەی ڕەوانەی گرتنگەی ئەمنییەتیی ئیدارەی  ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.