بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی دوو مامۆستای ئایینیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

04:34 - 12 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەز، مامۆستا حەسەن ‌ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی "مەلالەر"، سەر بە شاری بۆکان و مامۆستا مەحیەدین محەممەدزادە، پێشنوێژی مزگەوتی "نەوبار"، سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم دوو مامۆستا ئایینییەیان دەسبەسەر کردوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم دوو مامۆستا ئایینییە، بۆ ئاگاداربوون لە دۆخییان، بێئاکام بووە.

مامۆستا حەسەن ئەمینی، خەڵکی گوندی "مەرخوز"ی سەقز و مامۆستا مەحیەدین محەممەدزادە، خەڵکی گوندی " کەنۆڵان"ی سەقزە.

مامۆستا مەحیەدین محەممەدزادە، پێشتر پێشنوێژی مزگەوتی گوندی "کۆڵە"، سەر بە شاری دیواندەرە بووە و ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣، بە حوکمی ناوەندی گەورەی ئیسلامی، لە پێشنوێژی وەلا نراوە و لەو گوندە دەر کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: مامۆستا مەحیەدین محەممەدزادە و مامۆستا حەسەن ئەمینی