دەسبەسەرکرانی زەکەریا کەریمی، برای ئەیووب کەریمی، زیندانیی عەقیدەتیی لەسێدارەدراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

10:49 - 11 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سەرماوەز، زەکەریا کەریمی، برای ئەیووب کەریمی، زیندانیی عەقیدەتیی لەسێدارەدراوی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سەردەشت، دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە شاری سەردەشت دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: زەکەریا کەریمی بە مەبەستی لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان لە مەهاباد، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەهاباددا ئەشکەنجەیان داوە.

زەکەریا کەریمی کوڕی عومەر، خێزاندار و خاوەنی چوار منداڵە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەز، ئەیووب کەریمی، زیندانیی عەقیدەتیی کوردی خەڵکی مەهاباد، پاش ١٤ ساڵ زیندانیبوون، لە زیندانی قزلحساری کەرەج، لە سێدارە درا.