۲۸ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۶ مانگ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «لوقمان پوورمەند»، هاووڵاتیی ۳۶ ساڵانی خەڵکی «دزەی مەرگەوەڕ»ی ورمێ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی هەبوونی پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «لوقمان پوورمەند»، هاووڵاتیی خەڵکی «دزەی مەرگەوەڕ»ی ورمێ، کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ۱۴۰۴ بە هەڵکوتانە سەر شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و تەنیا ڕێگەی پێدراوە چەند جارێک بە کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات.
لوقمان پوورمەند خێزاندارە و پێش دەسبەسەرکردنی لە کافەیەکدا کاری کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەردەوامیی ۶ مانگەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی لوقمان پوورمەند و نادیاربوونی شوێنی ڕاگرتنی و بێبەشکردنی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی، دەکرێ وەک نموونەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێتە ئەژمار و بەلەبەرچاوگرتنی نادیاربوونی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، نیگەرانییەکان سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێشی زیاتر دەبێ.





