ئەمجەد ئەمینی: تەنیا تاوانی ئێمە ئەوەیە کە بنەماڵەی ژینا ئەمینین

01:39 - 20 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەز، ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، بەیاننامەیەکی سەبارەت بە قەدەغەکرانی چوونەدەرەوەی خۆی و بنەماڵەکەی بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات بڵاو کردەوە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "من پرسیارم لە بەرپرسەکانی دادستانیی تاران کرد کە من و بنەماڵەکەم بە سزای کام تاوان دەبێ مافمان وەکوو شارۆمەندێکی ئێرانی پێشێل بکرێ و چوونەدەرەوەمان قەدەغە بکرێ، بەڵام هیچ وڵامێکی ڕوونم وەرنەگرت. مەگەر بەپێی یاساکان، بڕیاری قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە بە بەرپرسی دادوەری نییە؟ ئەگەر هەیە بۆچی لەلایەن ناوەندی دادوەرییەوە شتێک بە ئێمە ڕانەگەیەندراوە تاکوو بزانین بە کام تاوان چوونەدەرەوەمان قەدەغە کراوە. ئەڵبەتە خۆم دەزانم، تەنیا تاوانی ئێمە ئەوەیە کە بنەماڵەی ژینا ئەمینین."

نۆسخەیەک لەم بەیاننامەیە بە دەستی کوردپا گەیشتووە کە دەقاودەق لێرەدا بڵاو دەکرێتەوە:

شەوی ڕابردوو لەسەر بانگهێشتی پارلەمانی ئورووپا، من و هاوسەرەکەم و کوڕەکەم ئەشکان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێدانی خەڵاتی مافی مرۆیی "ساخارۆف"، کە ئەمساڵ پێشکەشی ژیان کچم کرا، خەریکی ڕۆیشتن بەرەو ستراسبۆرگ بووین. سەرەڕای ئەوەی کە فەرمانداری و پارێزگاری سنە و باقی ناوەندە پێوەندیدارەکان ئاگاداری بانگهێشتی ئێمە بۆ ئورووپا بوون، بەڵام هیچکەس بە ئێمەی ڕانەگەیاند کە چوونەدەرەوەمان قەدەغە کراوە و مافی سەفەرکردنمان نییە. ئێمە ویزامان هەبوو و دەمانەویست بە شێوەی یاسایی بچین بۆ ئەم سەفەرە بەڵام پاش ڕۆیشتن بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تاران و وەرگرتنی کارتی پەرواز و پێدانی جانتاکانمان، لە بەشی پۆلیسی پاسپۆرتەوە پێمان ڕاگەیەندرا کە چوونەدەرەوەمان قەدەغە کراوە و دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانی خۆم  و هاوسەرەکەم و کوڕەکەمدا گرت و پێشیان بە چوونەدەرەوەمان لە وڵات گرت. لە فڕۆکەخانەدا ئەو مەئموورانەی کە پاسپۆرتەکانیان لێ وەرگرتین، نەیاندەزانی هۆکاری قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەی ئێمە چییە و بە پێدانی پەڕەیەک کاغەز پێیان ڕاگەیاندین کە سبەی بە مەبەستی وەرگرتنەوەی پاسپۆرستەکانمان سەردانی ئیدارەی گشتیی پاسپۆرت لە تاران بکەین. ئەمڕۆ کە سەردانی ئەم ئیدارەیەمان کرد، بەرپرسانی ئیدارەکەش سەبارەت بە هۆکاری قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەمان ئاگادار نەبوون و پاش چەندین پێوەندی تلفۆنی پێیان وتین کە سەردانی بینای دادستانیی گشتیی پارێزگای تاران بکەین. منیش نزیکی نیوەڕۆ، لەگەڵ ڕەزایی، پارێزەری بنەماڵەکەمان، سەردانی دادستانیی گشتیی تارانمان کرد. لەوێش چووینە ژووری جێگری یەکەمی دادستانی تاران و بەرپرسی نووسینگەکە پێی ڕاگەیاندین: "چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ئێوە لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات قەدەغە کراوە. " پێداگریی ئێمە بۆ بینینی جێگری یەکەمی دادستانی تاران بێئاکام مایەوە و پێیان ڕاگەیاندین کە بنەماڵەکەمان هەتا ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبەری ١٤٠٢، ئیزنی چوونەدەرەوە لە ئێرانی نییە.

من و بنەماڵەکەم هەموومان سامانەی سەنامان هەیە، پێشتر ڕۆیشتن بۆ دادستانی، چاومان لە سامانەکەی خۆمان کرد کە ئەگەر دۆسییەیەکی دادوەریمان بۆ کراوەتەوە لێی ئاگادار بینەوە، بەڵام نە تەنیا هیچ پێشینەیەکی دادوەری بۆ ئێمە سێ کەس لەو سیستمەدا نییە، بەڵکوو ئەو خانمەی کە لە داستانیی تاراندا وڵامدەری ئێمە بوو، لە وڵامی پارێزەرەکەماندا کە ئایا دۆسییەیەک بۆ بنەماڵەکەی ئەمینی کراوەتەوە کە هەموو بنەماڵەکە مافی چوونەدەەرەوەیان لێ وەرگیراوە، وتی نا، هیج دۆسییەیەکی دادوەری دژی بنەماڵەی ئەمینی نەکراوەتەوە و تەنیا لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات چوونەدەوەرەیان قەدەغە کراوە."

لە هەواڵەکاندا خوێندبوومەوە کە لەم دواییانەدا، بەرپرسی هێزی دادوەری بە ڕەخنەگرتن لە قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەکان، داوای لە بەرپرسان کردبوو کە ئەگەر کەسێک چوونەدەرەوەی لێ قەدەغە کرا، زۆر زوو پێی ڕابگەیێنن. سەبارەت بە بنەماڵەی ئێمە  هۆکارێک بۆ ئەم قەدەغەکرانە نییە و هیچ بڕیارێکی دادوەرییش تاکوو ئێستا بە من و بنەماڵەکەم ڕانەگەیەندراوە و هیچ ناوەند یان شوێنێکی دادوەری بە ئێمەی ڕانەگەیاندووە کە چوونەدەرەوەمان قەدەغە کراوە و بۆ ئەم سەفەرە لە سەقزەوە مەچنە تاران. ئێمە بەو ئەگەرەوە هاتینە تاران کە ئەگەر چوونەدەرەوەمان قەدەغە بوایە پێیان ڕادەگەیاندین، ئەگینا ئەم هەموو ڕێگایە لە سەقزەوە بەرەو تاران نەدەهاتین.

داواکارییەکانم بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیش بێئاکام مایەوە و پێیان ڕاگەیاندین کە ئەگەر پاش ٣٠ی بەفرانبار بڕیاری قەدەغەبوونەکە درێژ نەکرێتەوە، پاسپۆرتەکانمان پێ دەدرێنەوە. ئێمە دەمانویست بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە سەفەر بکەین و تەنانەت بلیتی گەڕانەوەشمان وەرگرتبوو و هیچ ئامانجێکی دیکەمان جگە لەمە نەبوو بەلڵم بە شێوەی نایاسایی پێشیان بەم سەفەرە گرت.

من پرسیارم لە بەرپرسەکانی دادستانیی تاران کرد کە من و بنەماڵەکەم بە سزای کام تاوان دەبێ مافمان وەکوو شارۆمەندێکی ئێرانی پێشێل بکرێ و چوونەدەرەوەمان قەدەغە بکرێ، بەڵام هیچ وڵامێکی ڕوونم وەرنەگرت. مەگەر بەپێی یاساکان، بڕیاری قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە بە بەرپرسی دادوەری نییە؟ ئەگەر هەیە بۆچی لەلایەن ناوەندی دادوەرییەوە شتێک بە ئێمە ڕانەگەیەندراوە تاکوو بزانین بە کام تاوان چوونەدەرەوەمان قەدەغە کراوە. ئەڵبەتە خۆم دەزانم، تەنیا تاوانی ئێمە ئەوەیە کە بنەماڵەی ژینا ئەمینین.