ورمێ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سەیاد دەرویشی

17:35 - 6 سەرماوەز 2723

سەیاد دەرویشی، برای فەرجاد دەرویشی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ورمێ، هێشتا دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: نەبوونی زانیاری لەمەڕ چارەنووسی سەیاد دەرویشی، نیگەرانیی بنەماڵەی ناوبراوی بەنیسبەت چارەنووسی زیاتر کردووەتەوە.

سەیاد دەرویشی، برای فەرجاد دەرویشی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، سەرەتاکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامەکانی ورمێدا دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەیاد دەرویشی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

شەوی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، فەرجاد درویشی، لاوی تەمەنی ٢٣ ساڵی خەڵکی گوندی "بالوو"، سەر بە ورمێ، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارەکی وەلیعەسری ورمێ و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا.