حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەکی خەڵکی بۆکان لە زیندانی ئەردەبێڵ جێبەجێ کرا

01:21 - 30 خەزەڵوەر 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "سیامەند ئوستوار"، کوڕی حەبیب و خەڵکی بۆکان، لە زیندانی ناوەندیی ئەردەبێڵ جێبەجێ کرا.

ئەم زیندانییە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ئەردەبێڵ کرابوو.

ئەم زیندانییە تەمەن ٤٠ ساڵە، دوو ساڵ  پێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر"، دەسبەسەر و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.

سیامەند ئوستوار، خەڵکی گوندی "دەنگز"، سەر بە شاری بۆکان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.

تاکوو ئێستا، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە، لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.