دەسبەسەرکرانی سەلاح ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

16:03 - 25 خەزەڵوەر 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر، سەلاح ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی "چەشمیەر"، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە گوندی چەشمیەر و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەلاح ڕەحمانی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەلاح ڕەحمانی، ساڵی ١٣٩٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و نزیک بە ٥ مانگ لە گرتنگەکانی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپادا لێپرسینەوەی لێ کرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

سەلاح ڕەحمانی، ساڵی ١٣٩٤ بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی دەسبەسەر و دواتر پاش کۆتاییهاتنی ماوەی حوکمەکەی لە ساڵی ١٣٩٥دا لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.