زیندانی بۆکان؛ سۆران شەریفی، زیندانیی سیاسیی کورد مانی لە خواردن گرت

00:39 - 25 خەزەڵوەر 2723

سۆران شەریفی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ڕەتکرانەوەی داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی مورەخەسی لەلایەن دادستان و ئیتلاعاتی ئەم شارەوە، مانی لە خواردن گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەزەڵوەرەوە ئەم زیندانییە سیاسییە مانی لە خواردن گرتووە و لەم ماوەیەدا چەندین جار داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی مورەخەسی ڕەت کراوەتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە، پووشپەڕی ئەمساڵیش، بە هۆی نەخۆشیی دیسکی کەمەرەوە، نێردرابوویە مورەخەسی.

بانەمەڕی ئەمساڵ، لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، داواکاریی ئەم زیندانییە سیاسییەی بۆ چوونە ژێر چاوەدێریی سامانەی ئێلێکترۆنیکیی ڕەت کردبووەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١، بۆ یەکەمین جار نێردرابووە مورەخەسی و ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی هەمان ساڵ گەڕێندرابووەوە بۆ زیندان.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠، ئەم زیندانییە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٠، بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

بەپێی یاسای کۆکردنەوە، ٥ ساڵ لە حوکمی ئەم زیندانییە سیاسییە، دەبێ جێبەجێ بکرێ.

سۆران شەریفی، خاوەنی ناوەندی دەرمانیی "حەکیم" لە بۆکانە و دادگا حوکمی ٢ ساڵ داخرانی ئەم ناوەندەشی دەر کردووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد و پووشپەڕی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بوووە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێ کەلوپەلی تایبەت و تاکەکەسیی ناوبراو لەوانە مۆبایل، کامپیوتێر و کتێبەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.