مەشهەد؛ حوکمی ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی سەکینە پەروانە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە

13:14 - 10 خەزەڵوەر 2723

حوکمی ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیریی سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد، لەلایەن لقی ٣٥ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوییەوە، پشتڕاست کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە، ٩ی خەزەڵوەر، بانگهێشتی بەشی جێبەجێکاری حوکمەکانی زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد کراوە و پشتڕاستکرانەوەی حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا پێێ ڕاگەیەندراوە.

سەکینە پەروانە لەم دواییانەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەشهەدەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "هادی مەنسووری" بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە دژی تەناهیی وڵات، پروپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و بێڕێزی بە ڕێبەر"، سەرجەم بە ٧ ساڵ و شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

پێشتر هێرانا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەوەی کە خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری دادگوستەری، دۆسییەی ناوبراوی لە ئەستۆ گرتووە، سەرۆکایەتیی لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەشهەد لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی بریگرتەکەی، پێشی بە بەشداریی ناوبراو گرتووە."

سەکینە پەروانە کە خاکەلێوەی ئەمساڵدا دوابەدوای چوون بۆ سەر مەزاری عەلی موزەفەری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری قووچان، دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لەم شارە کرا. ناوبراو لە کۆتاییدا پاش ١٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران لەم ناوەندە بۆ زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد ڕاگوێزرا.

ناوبراو پێشتریش سەبارەت بە چالاکییەکانی خۆی دەسبەسەر و مەحکووم کرابوو. سەکینە پەروانە لە نیوەی دووەمی ساڵی ٩٨دا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا و دواجار لەلایەن داگای ئینقلابی تارانەوە بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و سەبارەت بە سزا تەکمیلییەکانیش بە ٢ ساڵ قەدەگەکرانی ئەندامەتی لە گرووپی سیاسیدا مەحکووم کرا. ناوبراو کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١، دوابەدوای دەرچوونی بەخشنامەی "لێبوردن"، ئازاد کرا.