حوکمی زیندانی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە
حوکمی زیندانی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵكی سەقز، لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.
حوکمی ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەر لەلایەن لقی ٢ی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقزەوە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و دەبێ لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا خۆی بەم لقە بناسێنێ.
ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەرمانان، عوسمان ئیسماعیلی لەگەڵ پارێزەرەکەی بە ناوی فەرزاد نەسروڵڵاهی، بەنیسبەت حوکمی سەرەتایی دادگا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داواکاریی خۆیان بۆ پێداچوونەوە بەم حوکمە، بە دیوانی باڵای وڵات گەیاند.
ئەم چالاکە کرێکارییە، لەلایەن لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران" بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی" بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرابوو.
داداگا بە سەرنجدان بە لایەنەکانی کەمکردنەوەی سزا لە ماددەی ٣٨ یاسای سزای ئیسلامی، دەرکراوی ساڵی ،١٣٩٢ لەوانە تەمەنی عوسمان ئیسماعیلی و خێزانداربوونی ناوبراو، بە پشتبەستن بە ماددەی ناوبراو و ماددەی ٦ی کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری دەرکراوی ساڵی ١٣٩٩، حوکمەکەی بە ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو، کەم کردبووەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی عوسمان ئیسماعیلی بە سەرۆکایەتیی داداوەر "جەواد مستەفایی"، سەرۆکی لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقز و "کەیوان جەهانی"، ڕاوێژکاری دادگای ئینقلابی سەقز بەڕێوە چووبوو.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوە، عوسمان ئیسماعیلی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئەم چالاکە کرێکارییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.