پیرانشار؛ بانگهێشت و هەڕەشە لە حەسەن دەرئوفتادە، بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و چالاکی لە سۆشیاڵ میدیا لە ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیدا
![](/content/upload/1/news-kurdpa/5440.jpg)
ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، حەسەن دەرئوفتادە، باوکی کۆمار دەرئوفتادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار، بانگهێشتی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرا و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە حەسەن دەرئوفتادە کردووە کە ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و چالاکی لە سۆشیاڵ میدیای بە بۆنەی ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەی نییە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: حەسەن دەرئوفتادە پاش دوو کاتژمێر لێپرسینەوە و هەروەها هەڕەشە، ئازاد کراوە.
ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە بانگهێشتی ئیتلاعاتی پیرانشار کران و دوو کاتژمێر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەیان لێ کرا. هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی دەرئوفتادە کردبوو کە لە ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە "بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکان" و "چالاکی لە سۆشیاڵ میدیا" خۆ ببوێرن.
حەسەن دەرئوفتادە، باوکی کۆمار دەرئوفتادە بە هۆی قسەکردن و داواکردنی مافی کوڕەکەی، چەندین جار بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە و ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ش، هێزە سەرکوتکەرەکان بە بانگهێشتکردن، هەڕەشە و گوشار خستنەسەر بنەماڵەکەی، پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی لەدایکبوونی کۆمار گرت.
هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕۆژی لەدایکبوونی کۆماردا لە نیوەی ڕێگا، بە وەرگرتنی کەیک و کەلوپەلەکانی دیکە پێشیان بە چوونی بنەماڵەی دەرئوفتادە بۆ سەر مەزاری کۆمار گرت و ناچار بە گەڕانەوە بۆ ماڵەوەیان کردن.
کۆمار دەرئوفتادە شەوی ٨ی خەزەلوەری ١٤٠١، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەودای نزیکەوە گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی ڕۆژی دووشەممە، ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە گوندی "زێوکە"ی پیرانشار بە خاک ئەسپێردرا.