خەڵاتی پارلەمانی ئورووپا بۆ ئازادیی ئەندێشە (ساخارۆف) پێشکەشی "ژینا_مەهسا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی" کرا

00:28 - 29 رەزبەر 2723

ژینا_ مەهسا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپاوە وەکوو براوەی ئەمساڵی خەڵاتی مافی مرۆییی ساخارۆف، ڕاگەیەندران.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، پیرۆزبایی هەڵبژێرانی ژینا_مەهسا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی وەکوو براوەی خەڵاتی ساخارۆف بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لە بنەماڵەی ناوبراو و هەموو گیانلەدەستداوان، زیندانییانی سیاسی، خەباتکارانی ئەم بزووتنەوەیە و خەڵکی کوردستان و ئێران، بەتایبەت ژنانی بوێر دەکات کە بزووتنەوەیەکی پێشکەوتووی ڕزگاریخوازییان لە دڵی حکوومەتێکی ئاپارتایدیدا خولقاند.

هەڵبژێرانی ژینا_مەهسا ئەمینی کە ناوی ڕەمز و دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە؛ وێڕای بەفەرمی ناسینی ئەم بزووتنەوەیە و ڕێزگرتن لە یاد و ناوی ژینا، جەختکردنەوە لەسەر ویستی ئازادیخوازی و دادپەروەرانەی ئەم بزووتنەوەیە.

ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی ئەم خەڵاتە، ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەزی ئەمساڵ (١٣ دێسامبر)، لە شاری ستراسبورگی فەرانسە بەڕێوە دەچێ. دەیوید مەک ئێلیستر، بەرپرسی کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی پارلەمانی ئورووپا، سەبارەت بەم خەڵاتە وتی کە هەڵبژاردنی ژینا_مەهسا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە واتای "بەفەرمی ناسینی خەباتی بوێرانەی ئەوان بۆ مافی ژنانە."