ڕەزا نەزەری کاکەوەندی، چالاکی بواری شانۆ، ئیزنی چالاکی لەم بوارەی لێ وەرگیرا

12:14 - 15 رەزبەر 2723

ڕەزا (هاویر) نەزەری کاکەوەندی، ئەکتەر، دەرهێنەر و ئامادەکاری شانۆ، بە فەرمانی ئیدارەی گشتیی هونەرە نمایشییەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی، ئیزنی چالاکی لەم بوارەی لێ وەرگیراوە و تا ئاگادارکردنەوەی دوایی ئیزنی هیچ چەشنە چالاکییەکی نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ئەکتەرە تەمەن ٢٥ ساڵەیە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی ڕەزبەر، لەم بڕیارەی ئیدارەی گشتیی هونەرە نمایشییەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی، ئاگادار کراوەتەوە.

ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەم هونەرمەندە بە هۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پشتیوانی لە داخوازییەکانی خەڵک، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شەهریاری کەرەج دەسبەسەر کرابوو و لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکاندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، بەتوندی ئەشکەنجە درابوو.

ڕەزا نەزەری پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە و تێگەیاندنی لە تۆمەتەکانی، ڕۆژی ٨ی ڕەزبەر لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا.

ڕەزا (هاویر) نەزەری خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شەهریاری کەرەجە.