سەقز؛ سامان پاشایی بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا

00:33 - 31 خەرمانان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی خەرمانان، سامان پاشایی، خاوەنی میداڵی جیهانیی کوشتیی فەرەنگی و خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتەی قورس، لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

سامان پاسایی پاش ئازادبوون، لەلایەن ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنییەوە پێشوازیی لێ کرا.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی، خوێندکار، کەسایەتیی ئاکادێمیک، چالاکی مەدەنی و سیاسی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ دادستانی هێزی دادوەری، خوازیاری ئازادیی سامان پاشایی بوون.

ئەم مامۆستای زانکۆیە لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتووەتە ژێر گوشار و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە سامان پاشایی کردووە کە لە ئەگەری هاوکارینەکردن بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە کارەکەی دەر دەکرێ و ئیزنی هیچ چەشنە کارێک، تەنانەت ڕنگکردنیشی پێ نادەن و هەروا بە بێ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی، ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی درێژ دەکەنەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕ، سامان پاشایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سامان پاشایی، دوکتورای فیزیۆلۆژی و خۆراکی وەرزشی هەیە و ئەندامی ئاکادێمیای نەتەوەیی پزیشکیی وەرزشیی ئامریکایە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا وانە دەڵێتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سامان پاشایی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.