٣١ ساڵ بەسەر تێرۆری میکۆنۆسدا تێپەڕی

00:40 - 26 خەرمانان 2723

٣١ ساڵ پێش لە تێرۆری میکۆنۆسدا، دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فەتاح عەبدولی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئورووپا، هومایوون ئەردەڵان، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان و نووری دێهکۆردی، چالاکی سیاسی، لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بێرلینی ئاڵمان تێرۆر کران.

ڕۆژێک پاش تێرۆری ڕێبەرانی کورد لە ڕێستۆرانی میکۆنۆس، کۆمیسیۆنێک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بکەرانی ئەم تێرۆرە لەژێر چاوەدێریی دادستانی گشتی و ئیدارەی ئاگایی بێرلین پێک هات و ڕەزبەری ساڵی ١٣٧١، کازم دارابی ئەندامی فەرمیی واواک و سپای پاسداران، لەگەڵ ٤ کەسی لوبنانی، عەباس راحیل، یووسف ئەمین، عەتاوڵڵا ئەیاد و محەممەد عەتریس بە تاوانی بەشداریکردن لە تێرۆری میکۆنۆس و داڕشتنی گەڵاڵەی ئەم تێرۆرە لەلایەن پۆلیسی ئاڵمانەوە دەسبەسەر کران.

پاش ١٣ مانگ و چەند ڕۆژ بەدواداچوون و پاش تەکمیلکردنی دۆسییەی میکۆنۆس، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ئۆکتوبری ١٩٩٣ دادگایی میکۆنۆس لە شوێنی دادگای تاوانەکانی شاری بێرلین بەفەرمی دەستی بەکار کرد، دادگایەک کە بەگشتی ٢٤٧ کۆبوونەوەی ڕێک خست و ١٧٦ کەس وەکوو شایەتحاڵ لەم دادگایەدا شاهێدیان داوە.

ڕۆژی ٢٣ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧٦، حوکمی کۆتایی دادگای میکۆنۆس دەرچوو و حوکمی دادگا سەبارەت بە تاوانباران بەم شێوەیە ڕاگەیەندرا:

١ـ کازم دارابی بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرا

٢ـ عەباس ڕاحیل بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرا

٣ـ یووسف ئەمین بە ١١ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

٤ـ محەممەد عرتریس بە ٥ ساڵ و سێ مانگ زیندان مەحکووم کرا

٥ـ عەتاوڵڵا ئەیاد ئازاد کرا

دادگای میکۆنۆس، هەروەها بە ڕاشکاوی وەزارەتی ئیتلاعاتی وەکوو بەرپرسی جێبەجێکردنی عەمەلیاتی تێرۆر لە ڕێستۆرانی میکۆنۆس زانی و عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆککۆماری ئەو کات و عەلی فەلاحییان، وەزیری ئەوکاتی ئیتلاعات، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی وەکوو بکەرانی سەرەکیی ئەم تێرۆرە ناو برد.

سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٨، کازم دارابی لە مەحکومکراوانی ترۆری میکۆنۆس، پاش ١٥ ساڵ زیندان ئازاد کرا و چووەوە تاران و لە فڕۆکەخانەدا لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازیی لێ کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٨، کتێبی "نەقاشی قهوەخانە"، سەبارەت بە تێرۆری میکۆنۆس بە فۆکۆس لەسەر گێڕانەوەی کازم دارابی، هاواهەنگکەری عەمەڵیاتی تێرۆری میکۆنۆس پەردەی لەسەر لادرا و ڕێکخراوی "عدالت برای ایران"، بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەی لە ڕاستای "پاککردنەوەی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری میکۆنۆس، بە پشتبەستن بە گێڕانەوەی تێرۆریست"، ناو برد.