لە ناردنی کورتەنامەوە بۆ وەدرۆخستنەوەی دەسبەسەرکرانی ئەمجەد ئەمینی هەتا سێناریۆی دەسبەسەرکردنی ناوبراو لەژێر ناوی "پووچەڵکردنەوە"ی "تێرۆر"

20:58 - 25 خەرمانان 2723

دوابەدوای دەسبەسەرکردنی ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی سپاوە و پێشگرتن لە ڕۆیشتنی بنەماڵەکەی بۆ سەر مەزاری ناوبراو، ئیرنا، هەواڵدەریی حکوومەتیی ئێران ،بە ناردنی کورتەنامە بۆ خەڵک، دەسبەسەرکرانی ئەمجەد ئەمینیی وەدرۆ خستووەتەوە، هەروەها ئەم هەواڵدەرییە با ناردنی کورتەنامە لە زاری جێگری ئەمنییەتیی پارێزگاری سنەوە، پێشگرتن لە ڕۆیشتنی باوکی ژینا ئەمینی بۆ سەر مەزاری کچەکەی بە "پووچەڵکردنەوە"ی "تێرۆر"، ناو بردووە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢، پاش دەسبەسەرکرانی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی سپاوە لە کاتی چوونەدەرەوە لە ماڵەوە و ڕاگوێزرانی بۆ ناوەندێکی ئەمنییەتی و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هیزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هەموو ڕێگاکانی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەی ژینا پچڕاون و کەسێک ئیزنی چوونەژوورەوە بۆ ماڵەکەی نییە و هەموو شەقامەکان و گۆڕەپانەکانی دەوروبەری ماڵی ئەم بنەماڵەیە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە گەماڕۆ دراون و ئیزنی هاتوچۆ نادرێ.

لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا و لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینیدا، ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، زیاتر لە ٤ جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییکان کراوە.