مەهاباد؛ ڕاپۆرتێک لە مانگرتنی سەرتاسەریی بازاڕییان و کاسبکاران تا جێگیرکردنی خاڵی پشکنین و هێزی سەرکوت

18:25 - 25 خەرمانان 2723

هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی و درێژەی مانگرتنی سەرتاسەریی بازاڕییان و کاسبکاران لە زیاتر لە ١٠ شاری کوردستاندا، ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون ئاماژە بە جێگیرکردنی هێزی سەرکوتی ئەمنییەتیی لە ٣ کەڵانتەری و حەوشەی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی، جێگیرکردنی خاڵی پشکنین لە ٤ ناوچەی شاری مەهاباد و بڵاوەپێکردنی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ئاستی شاردا دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردودا، هێزە سەرکوتکەرە ئینتیزامییەکان لەنێو شار و هێزەکانی سەرکوتی پۆشتە بۆ چەکی کڵاشینکۆف لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شاری مەهاباددا جێگیر کراون. هێزە سەرکوتکەرەکان زیاتر لە حەوشەی دەنگوڕەنگی حکوومەت، لە کەڵانتەری ١٣ لە فەلەکەی شوانە، کەڵانتەری ١١ لە گۆڕەپانی ئارد و حەوشەی یەکێک لە کەڵانتەرییەکان کە دیوار بە دیواری مزگەوتی "چواردە مەعسووم" لەسەر پردی " یەڕغو"ە، جێگیر کراون.

لەلایەکی دیکەوە، لە چوونەژوورەوەی ورمێ بۆ مەهاباد، خاڵێکی پشکنینی گەورە دانراوە و کامێرای ئەمنییەتیشی بۆ تەخان کراوە. هەروەها لە ڕێگاکانی مەهاباد_سەردەشت، مەهاباد_میاندواو و جاددەی حەمزاوێ، خاڵی پشکنین دانراوە.

کوردپا، پێشتری لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە وڕاگواستنی هێزی سەرکوت لە ڕێگەی ئامبولانسەوە بۆ نێو شاری مەهاباد کردووە. ئامبولانسەکە لە کاتی ڕاگواستنی هێزەکەدا، چراکەی کوژاوەتەوە و لە کاتی گەڕانەوەدا، چراکەی هەڵ کردووە.

وێنەگەلێک لە حەوشەی دەنگوڕەنگی حکوومەت، کەڵانتەری ١٣ لە فەلەکەی شوانە، کەڵانتەری ١١ لە گۆڕەپانی ئارد و حەوشەی یەکێک لە کەڵانتەرییەکان کە دیواربەدیواری مزگەوتی "چواردە مەعسووم" لەسەر پردی " یەڕغو"ە، جێگیر کراون؛

وێنەگەلێک لە جێگیرکردنی خاڵی پشکنین لە چوونەژوورەوەی ڕێگای ورمێ بۆ مەهاباد، ڕێگای مەهاباد_سەردەشت و جاددەی حەمزاوێ لە مەهاباد؛