تەها ڕەسووڵیان، چالاکی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار، بە زیندان مەحکووم کرا

13:08 - 15 خەرمانان 2723

تەها ڕەسووڵیان، چالاکی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، بە ٧ ساڵ و سێ مانگ زیندان، مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا، ئەم چالاکە مەدەنییەی بە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ زیندان، "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە سێ ساڵ و ٧ مانگ زیندان و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کردووە.

ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە و ناوبراو بەنیسبەت حوکمەکە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، تەها ڕەسووڵیان، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، بەبۆنەی تۆمەتی وەپاڵدراوی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە پێدانی ٥٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە حیسابی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جیاتی سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچیی تەعزیری بۆ هەموو جەستەی جگە لە سەر، دەموچاو و شوێنی هەستیار و تایبەتیی لەشی و لە شوێنێکی بەستراو و بەدوور لە چاوی خەڵک مەحکووم کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، تەها ڕەسووڵیان، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی، لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

تەها ڕەسووڵیان پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ زیندانی نەغەدە، ڕاگوێزرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.