دێولان؛ مۆڵەتی چالاکیی دامەزراوەی فێرکاریی زانست بە هۆی پشتیوانی لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراو و ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی هەڵوەشایەوە

11:23 - 12 خەرمانان 2723

سیرووس عەباسی، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوەی زانستی کوردستان، باسی لە هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی چالاکیی ئەم دامەزراوەیە لەلایەن وەزارەتی پەورەردەوە کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، وەزارەتی پەروەردە، مۆڵەتی چالاکیی ئەم دامەزراوەی بە هۆی "بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لەم فێرگەیە، پشتیوانی لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراو و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی"، هەڵوەشاندووەتەوە.

دامەزراوەی زانست، سااڵی ١٣٩٦ بە وەرگرتن مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی پەروەردە، چالاکییەکانی خۆی لە بواری پەروەردەی قوتابییانی قۆناغی دواناوەندی و کۆنکوور لە شاری دێولان دەست پێکرد.

سیرووس عەباسی، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، بە هۆی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

سیرووس عەباسی، دواتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی دێولانەوە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٠ مانگ زیندان، "تێکدانی نەزمی گشتی"، بە ١٨ مانگ زیندان و کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٤٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨، سیرووس عەباسی و هاوسەرەکەی فەریدە وەیسی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٩، ئەم دوو ئەندامەی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوەی زانست، هەر کامەیان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کران.