سەردەشت؛ کوژرانی فاتمە محەممەدپەناهیی تەمەن ١٧ ساڵ بەدەستی زڕبراکانی و بە هاوکاریی هاوسەرەکەی بە هۆی "کێشەی بنەماڵەیی"

21:35 - 8 رەزبەر 2723

شەوی هەینی، ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢، فاتمە محەممەدپەناهی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "مەرەغان"ی سەردەشت بە هۆی "کێشەی بنەماڵەیی"ـەوە بە دەستی هاوسەر و دوو زڕبرای خۆی بە چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچە، کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، فاتمە محەممەدپەناهی کە قوربانیی منداڵ هاوسەری و هاوسەرگیریی زۆرەملێ بووە لە یەک مانگ پێشەوە بە هۆی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی و شەوی هەینی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بە چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچە لەلایەن زڕبراکانی بە ناوەکانی "بێهزاد و عەلی" و بە هاوکاریی هاوسەرەکەی بە ناوی "شەهاب"، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.

دایکی فاتمەی تەمەن ١٧ ساڵ هەوڵی داوە کچەکەی لەدەستی زڕبراکان و هاوسەرەکەی ڕزگار بکات و وتوویەتی "لە جیاتی ئەو من بکوژن"، بەڵام بکەرانی تاوانەکە، ناوبراویان فڕێ داوە و ئەم مێرمنداڵەیان کوشتووە. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە شێوەی تەقەکردن لە فاتمە و کوژرانی دەڵێ: سەرەتا لەنێو ماڵەکەدا تەقەیان لێ کرد و ئەم مێرمنداڵە بە برینداری هەڵهاتە دەرەوە بەڵام لە نێزیک دەرکەی حەوشەکە دیسانەوە تەقەیان لێ کرد و دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

زڕبراکان و هاوسەری ئەم مێرمنداڵە پاش کوشتنی ناوبراو خۆیان شاردووەتەوە و سەرچاوەکانی کوردپا دەڵێن هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، دەسبەسەر نەکراون.

فاتمەی تەمەن ١٧ ساڵ، قوربانیی منداڵ هاوسەری بووە و کاتێک کە ١٦ ساڵ تەمەنی بووە بە زۆر هاوسەرگیریی لەگەڵ "شەهاب"، کوڕە مامی خۆی کردووە. فاتمە بۆ پێشگرتن لەم هاوسەرگیرییە زۆرەملێیە داوای هاوکاریی لە زۆر کەس کردووە بەڵام کەس نەیتوانیوە یارمەتیی بدات.

بەدواداچوونەکانی کوردپا و ئەو بەڵگانەی کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە، نیشانی دەدەن کە زڕبراکانی فاتمە پاش کوشتنی، هەڕەشەیان لە چالاکنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کردووە کە هەواڵەکەیان بڵاو کردووەتەوە. "نازیلە حەلیمە حەسەن"، یەکێک لە ژنانی چالاکی خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی وڵاتی سوئێدە کە خۆی و دایکی لە سەردەشت بەتوندی هەڕەشەیان لێ کراوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە سەرچاوەکانی کوردپا دەڵێن، بکوژانی فاتمە "پێشینەی توندوتیژی دژی ژنانی بنەماڵەکەیان" هەیە و باوکی ئەم مێرمنداڵەش "چوار هاوسەری" هەیە.

ڕۆژی یەکی ڕەزبەری ١٤٠٢یش، تەرمی کچێکی لاو بە ناوی "هایدە حەسەنزادە"، تەمەن ١٨ ساڵ، دانیشتووی شاری ڕەبەتی سەردەشت کە بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن باوکیەوە کوژرابوو پاش ٤ مانگ لەحاڵێکدا کە دست و دەمی بە چەسب بەسترابووە و چەن بلۆکیش پێوە بەسترابووەتەوە لە بەنداوی سەردەشت دۆزرایەوە.

بە وتەی ئەوین مستەفازادە، بەرپرسی ناوەندی ئامار و وتەبێژی کوردپا؛ ئەوەی سەبارەت بە ژنکوژی لە کوردستانی ئێران، بەپێچەوانەی وێژمانی حکوومەت دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت؛ ئەمەیە کە ژنکوژی ئاکامی یەک هۆکار "هۆی نامووسی" یا "فەرهەنگی" ناولێنانی پرسەکە وەکوو خوێندنەوەی حکوومەت نییە، بە پێچەوانە حکوومەت کەڵکی سیاسی_کۆمەڵایەتیی لێ وەرگرتووە تا لەلایەک بەرپرسایەتی سەبارەت بە یاساوڕێسای توندوتیژانە و هاوکات لەگەڵ هەڵاواردن لەسەر شانی خۆی لا ببات و لەلایەکی ترەوە نیشان بدات کورد، فەرهەنگی ژنکوژیی تێدایە، لەحاڵێکدا کە فەرهەنگ پرسێکی نەگۆڕ نییە و لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی_سیاسی_ئابووریی کۆمەڵگە درێژە بە ڕەوتی خۆی دەدات.

هەروەها لە ساڵەکانی ڕابردوودا، دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی خووگری، هەژاری، بێکاری و ...، لە هۆکارە گرینگەکانی نواندنی توندوتیژیی خێزانی، ژنکوژی و بەرزبوونەوەی توندوتیژی لە ئاستی کۆمەڵگە بەشێویەکی گشتیی بووە و باقی دیاردەکانی ژنکوژی و خۆکوژی لە پێوەندی لەگەڵ ژنان تەنیا پێوەندیی بە قوربانییانەوە نییە، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا دوابەدوای داواکاریی جیابوونەوە و مافەکانی خۆیان و لە ئاکامی ئاگاهیدا بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. کوژرانی فاتمەی تەمەن ١٧ ساڵ و هایدەی تەمەن ١٨ ساڵ  دوو نموونەی ئەم دواییانەن کە لە ئاکامی ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەوان بە یاسای پیاوسالارانە و پێداگری لەسەر ماف و ئازادییەکانیان هاتووەتە ئاراوە کە لە چوارچێوەی یاسا و پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا ڕێگایەکی ئەمن بۆ ڕزگاربوون نادۆزنەوە بەڵکوو بە لەدەستدانی گیانیان دەگەنە کۆتایی.

بەم حاڵەوە باسکردن لەم هۆکارانە بە مانای پاساوهێنانەوە بۆ بکوژان و ئەو توندوتیژییەی کە بەرانبەر بە ژنان دەکرێ نییە، بەڵکوو ئاماژەیەکە بۆ تێکهاڵاوبوونی هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاساوڕێسا حکوومەتییەکان تێێدا بنەڕەتی بوونەتەوە و بێگومان سونەت و یاسا دژەژنەکان دەبێ بسڕدرێنەوە و بکەرانی ئەم تاوانانەش نەتوانن لە پەنای یاسادا خۆیان حەشار بدەن.