کات و لقی کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پووریا جەواهری دیاری کرا

00:04 - 7 رەزبەر 2723

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پووریا جەواهری، هاووڵاتیی تۆمەتبار بە "موحاربە"، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە دەچێ.

مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری پووریا جەواهری لەمبارەوە ڕایگەیاندوە: "کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی پووریا جەواهری بە تۆمەتی موحاربە، لە ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەردا و  کاتژمێر ١٠، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە دیاری کراوە."

خەرمانانی ئەمساڵ، پووریا جەواهری، هاووڵاتیی تۆمەتبار بە "موحاربە" لە زیندانی کامێرانەوە بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و گەلاوێژی ئەمساڵ، مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری پووریا جەواهری باسی لەوە کرد کە دۆسییەی بریگرتەکەی، بە تۆمەتەکانی "موحاربە لە ڕێگەی کوشتنی بەئەنقەستی پێرسۆنێکی نیزامی، ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام، چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام و لێدانی بەئەنقەستی چەند هیزی نیزامی"، ڕادەستی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە کراوە.

پووریا جەواهری، ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ پاش بانهگێشتکران بۆ ئیتلاعاتی سپای کامێران دەسبەسەر کرابوو و کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ و پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا، بۆ زیندانی کامێران ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، پووریا جەواهری لەژێر چاوەدێریی چڕی ئەمنییەتییدا و بە دەست و پێی بەستراو بۆ شەقامی ١٢ میتریی کامێران ڕاگوێزراوە و لە لێپرسینەوەدا هەڕەشەی بەشداریکردن لە سێناریۆی "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان"یان لێ کردووە.

بەفرانباری ١٤٠١، بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای سنە سەبارەت بەم دۆسییەیە بە هەواڵدەریی "تەسنیم"ی ڕاگەیاندبوو: حوکمی دەسبەسەرکران بە تۆمەتی موحاربە بۆ "پووریا جەواهێری" دەر چووە و لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای کامێران دۆسییەی بۆ کراوەتەوە و ناوبراو لە لقی لێپرسینەوەدا دانی بە تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان داناوە و وتوویەتی کە چەکەکەی لە کەسێکی دیکە وەرگرتووە کە ئەو کەسەش دەسبەسەر کراوە.

پووریا جەواهری کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١ لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە ڕاگیرانی خۆی لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی شاری سنە کردبوو و لە کاتێکدا کە ویستبووی سەبارەت بە ئەشکەنجەکران و شکانی قەفەسەی سینگی لە کاتی لێپرسینەوەدا زانیارییان پێ بدا، لێپرسەکان پێوەندییەکەیان لێ پچڕاندووە.