بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ٨ هاووڵاتیی کورد

03:25 - 6 رەزبەر 2723

سەبارەت بە چارەنووسی ٨ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەحمەد مامزادە"، تەمەن ٦٥ ساڵ، "ئەبووبەکر مامزادە"، تەمەن ٥٣ ساڵ، "سۆران قاسمی" تەمەن ٢٨ ساڵ، "پژمان سوڵتانی"، تەمەن ٣٠ ساڵ، "کاوە ساڵحی"، تەمەن ٤٠ ساڵ، "ڕزگار بابامیری"، تەمەن ٤٢ ساڵ، "جەلیل مەولوودی" و "جەوانمەرد مام خوسرەوی"، تەمەن ٥٠ ساڵ، پاش ٥ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ٨ هاووڵاتییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم ٨ کەسە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، کەوتوونەتە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەحمەد مامزادە، نەخۆشیی شەکرە و زەختی خوێنی هەیە و لە گرتنگەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ورمێ کراوە و دواتر بۆ گرتنگە گەڕێندراوەیەوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانەوەی وڵامی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەم ٨ هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان خۆیان بواردووە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکانی بەدواوە بووە.

ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، ئەحمەد مامزادە، ئەبووبەکر مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

ڕزگار بابامیری و جەلیل مەولوودیش، ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، جەوانمەرد مام خوسرەوی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە بانە، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم ٨ هاووڵاتییە کوردە خەڵکی بۆکانن.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدروەکان دژی ئەم ٨ هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.