بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئازاد ئەمینی

18:37 - 2 رەزبەر 2723

ئازاد ئەمینی، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی سەقز، ٩ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەمینی بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخی ناوبراو، بێ‌ئاکام ماوەتەوە و ناوبراو تەنیا پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ئەم چالاکە کوردە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەرمانان، لە پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە ڕەوانەی سنە کراوە.

ئازاد ئەمینی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان دژایەتییان لەگەڵ ئازادیی کاتیی ناوبراو بە دانانی بارمتە کردووە.

ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانان، ئازاد ئەمینی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا.

ئازاد ئەمینی ئەندامی ئەنجومەنی "هیوای زانست" و ئەنجومەنی ژینگەپاریزیی "ژیان سەوز"ی سەقزە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئازاد ئەمینی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.