حەسەن و ماردین دەرئوفتادە باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، بانگهێشتی ئیتلاعاتی پیرانشار کران

22:44 - 30 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کران و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لێپرسینەوەیان لێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی دەرئوفتادە کردووە کە لە ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە "بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکان" و "چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، خۆیان ببوێرن.

حەسەن دەرئوفتادە، باوکی کۆمار دەرئوفتادە بە هۆی قسەکردن و داواکردنی مافی منداڵەکەی، تاکوو ئێستا چەندین جار بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە و ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، هێزە سەرکوتکەرەکان بە بانگهێشت، هەڕەشە و گوشار بۆ سەر بنەماڵەی دەرئوفتادە پێشیان بە بەڕێوەچوونی، ڕێوڕەسمی لەدایکبوونی کۆمار گرت. هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕۆژی لەدایکبوونی کۆماردا، لە ڕێگادا و لە کاتی ڕۆیشتن بۆ سەر گڵکۆی کۆمار، بە وەرگرتنی کەیک و باقی کەلوپەلەکان، پێشیان بە چوونی بنەماڵەی کۆمار بۆ سەر مەزار گرت و بنەماڵەی دەرئوفتادەیان ناچار بە گەڕانەوە بۆ ماڵ کرد.

ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی کۆمار دەرئوفتادە، ناوبراو ئەگەر بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکان نەکوژرابایە،  تەمەنی دەبوو بە ١٧ ساڵ.

کۆمار دەرئوفتادە شەوی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە فیشەکی ساچمەیی لە مەودای نزیکەوە کوژرا و تەرمەکەی، ڕۆژی دووشەممە، ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە گوندی "زێوکە"ی پیرانشار بە خاک سپێردرا.