سنە؛ دەسبەسەرکرانی بەهار ئەحمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

22:37 - 24 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی شەممە، ٢١ی گەلاوێژ، بەهار ئەحمەدی، هاوسەری ئەسعەد محەممەدی، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بەهار ئەحمەدی و بە بێ بەڵگەی یاسایی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بەهار ئەحمەدی نەخۆشیی ڕۆماتیزمی هەیە و بە بێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگارە وتی: سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ حەفتە لە دەسبەسەرکرانی ئەسعەد محەممەدی، لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەری بووە.

شەوی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەسعەد محەممەدی لە "ویلاشار"ی سنە و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.