دەسبەسەرکرانی دوو کۆڵبەر لە سنووری بانە

22:34 - 24 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "موحسین دیوالی"، خەڵکی گوندی "دێوالان"ی سەردەشت و "هادی ڕەسووڵیان"، خەڵکی گوندی "هەڵوێ"ی سەردەشت، لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بە گومانی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ، ئەم کۆڵبەرانەیان دەسبەسەر کردوون.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوی "تاهیر ئیسماعیل تەوانا"، کوڕی عەلی و خەڵکی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، بریندار بوو و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی "شێرزاد ئیسماعیل تەوانا"، کوڕی حوسێن، خەڵکی سەردەشت، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرا.

هەر هەمان ڕۆژ، ئەرسەلان ڕەسووڵی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "بیشاسبی سەروو"ی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، گیانی لەدەست دا.