گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی عەبدوڵڵا مەحموودپوور لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ورمێ

16:36 - 2 پووشپەڕ 2723

شەوی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، عەبدوڵڵا مەحموودپوور، تەمەن ١٦ ساڵ، دانیشتووی گوندی بالوو سەر بە ورمێ کە بە کاری سافکارییەوە خەریک بووە، پاش گەڕانەوە لە شوێنی کارەکەی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە کەسانی نزیکی ئەم منداڵە، لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی عەبدوڵڵا مەحموودپوور؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە کاتی گەڕانەوە لە شوێنی کارەکەی، دەکەوێتە نێو ناڕەزایەتییەکانی گوندی بالوو، ناوبراو بۆ کڕینی هەندێ شت، سەردانی مارکێت دەکات و کاتێ دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ ماڵ، لە ناوەندی گوندی بالوو لە پشتەوە، بە تەقەی هێزەکانی بەسیج بەتوندی بریندار دەبێت و بەهۆی توندی تەقەکردنەکەوە کەس ناتوانێ بیگەیێنێتە نەخۆشخانە و نزیک بە ٣٠ خولەک دەخایەنێ کە دەتوانن عەبدوڵلا بە ماشین بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەم سەرچاوەئە ڕایگەیاند: هێزەکانی بەسیج بە چەکی سازمانیی خۆیان وایە کڵاشینکۆف، عەبدوڵڵا مەحموودپووریان کردووەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تەرمی عەبدوڵڵا، بۆ پزیشکی دادوەریی ورمێ ڕاگوێزراوە و کاتژمێر ٢ی نیوەشەو بە بنەماڵەکەی دەڵێن کە بڕۆن و خۆمان پێوەندیتان لەگەڵ دەگرین.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: کاتژمێر ٣ی نیوەشەو، پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی عەبدوڵڵا گیرا و ڕایانگەیاند بۆ دانەوەی تەرمی عەبدوڵلا سەردانی پزیشکی یاسایی بکەن، پێیان وترا کە شەو و بە بێ بەشداریی خەڵک دەبێ تەرمەکەی بە خاک بسپێرن، بەڵام بنەماڵەکەی ئەم داواکارییەیان ڕەت کردبووەوە.

هەڕەشە لە بنەماڵەی عەبدوڵلا مەحموودپوور لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکان و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لەوان؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ئاڵۆزیی زۆر، هێزە سەرکوتکەرەکان بەڵێننامەی نووسراویان لە بنەماڵەی مەحموودپوور وەرگرت کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەبدوڵڵا، بە بێ دروشمی ناڕەزایەتی و بەشداریی بەربڵاوی خەڵک بەڕێوە بچێت و کاتژمێر ٧ی بەیانی، پاش وەرگرتنی بەڵێننامە، تەرمی عەبدووڵلا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەبدوڵلا بە بوونی هێزە لیباس شەخسییەکان بەڕێوە چوو و پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە، هێزە سەرکوتکەرەکان هەڕەشيی بێدەنگبوونیان لە بنەماڵەی مەحموودپوور کرد.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان بە بنەماڵەی عەبدوڵڵا مەحمووودپووریان ڕاگەیاند کە کوڕەکەیان لەلایەن یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانەوە کوژراوە و ڕەزامەندیی خۆیان بۆ وەرگرتنی دیە دەربڕن، بەڵام بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئەم داواکارییەیان ڕەت کردەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هەڕەشەکانی هێزە سەرکوتکەرەکان دژی بنەماڵەی عەبدوڵڵاپوور بۆ بێدەنگ بوونیان درێژەی هەیە و هێزە سەرکوتکەرەکان لە ڕێگەی ژمارەی نەناسراوەوە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو دەگرن و هەڕەشەیان لێ دەکەن.

عەبدوڵڵا مەحموودپوور؛

عەبدوڵلا مەحموودپوور، کوڕی عەبدولغەفار و فاتمە، لەدایکبووی ٩ی بانەمەڕی ١٣٨٥ لە ناوچەی قوتوری خۆی بوو.

ناوبراو لە تەمەنی ٧ ساڵیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ورمێ نیشتەجێ دەبێ و لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە بەهۆی حەزێکی زۆر کە بۆ کاری میکانیکی هەیبووە، دەست بە کاری سافکاری دەکا.

عەبدوڵڵا مەحموودپوور، نزیک بە دوو ساڵ لە گوندی بالوو لە لای وەستایەکی سافکاری کار دەکات و دواتر بۆ درێژەدان بەم کارە دەچێتە ورمێ.