مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی لاوێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

19:31 - 13 جۆزەردان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی جۆزەردان، لاوێکی کورد بە ناوی "کاویان مەولوودی"، تەمەن ١٨ ساڵ و کوڕی عومەر، خەڵکی مەهاباد لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، ئەم لاوە کوردەیان لە کاتی گەڕانەوە لە بۆکان لە هاتنەژوورەوەی شاری مەهاباد دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی مەولوودی و سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان بەوانیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان بە هۆی چوون بۆ سەر مەزاری سمکۆ مەولوودی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە ئاڵای کوردستان دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کاویان مەولوودی لە زیندانی مەهابادە و بڕیارە دۆسییەکەی ڕادەستی دادگوستەریی ئەم شارە بکرێ.

کاویان مەولوودی، کوڕە مامی ئیسماعیل (سمکۆ) مەولوودی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە.

شەوی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئیسماعیل (سمکۆ) مەولوودی، تەمەن ٣٥ ساڵ، کوڕی عەبدولقادر لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە مەهاباد بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.