گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی سەید کەماڵ ئەحمەدپوور، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد

20:29 - 11 جۆزەردان 2723

ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سەید کەماڵ (خالق) ئەحمەدپوور، خۆپیشاندەری دانیشتووی شاری مەهاباد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

ئەم ناڕازییە لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباددا بەشداریی چالاکانەی هەبوو و تەنانەت نان و خواردنی بۆ خەڵکی ناڕازیی سەر شەقامەکانیش دابین کردبوو.

یەکێک لە نزیکانی ئەم خۆپیشاندەرە لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی سەیدکەماڵ ئەحمەدپوور دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی سەید کەماڵ ئەحمەدپوور لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، بە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە شاری مەهاباد و وتنەوەی دروشمی دژەحکوومەتی لەلایەن ناڕازییەوە، هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکی ناڕازی دەستیان بە تەقە لە خەڵک کرد و سەید کەماڵ ئەحمەدپوور بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک بریندار بوو.

ئەم سەرچاوەیە وتی: سەید کەماڵ ئەحمەدپوور بە فیشەکی جەنگی لە شەقامی مەنبەعی مەهاباد بریندار کرا و دەسبەجێ لەلایەن خەڵکەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە کە پاش نزیک بە ٤٠ خولەک گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە وتی، سەید کەماڵ ئەحمەدپوور دڵی بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک بریندار بوو و پاش ٤٠ خولەک مێشکی لەکار کەوت و لە نەخۆشخانەی مەهاباد گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: پاش گیانلەدەستدانی سەید کەماڵ ئەحمەدپوور، تەرمەکەی بۆ پزیشکی یاسایی مەهاباد ڕاگوێزرابوو و لە بەڵگەی پزیشکی یاساییدا هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی ڕاگەیەندرابوو.

هەوڵی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ دزینی تەرمی سەید کەماڵ و شاردنەوەی تەرمەکەی لەلایەن بنەماڵە و کەسوکارییەوە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هەرچەند هێزە سەرکوتکەرەکان بەڵێننامەی نووسراویان لە بنەماڵەی ئەحمەدپوور وەرنەگرت، بەڵام بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو پێش لەوەی کە هێزە سەرکوتکەرەکان هەوڵی دزینی تەرمی ناوبراو بدەن، بە بێ ئاگاداریی ئەوان و پزیشکان، تەرمی سەید کەماڵیان لە نەخۆشخانەکە بردە دەرەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان لەگەڵ هەموو ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری سەید کەماڵ پێوەندییان گرتبوو کە تەرمەکەیان دەوێ؛ شەوی هەینی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بنەماڵە و کەسوکاری سەید کەماڵ لە ترسی دزرانی تەرمی سەید کەماڵ لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانەوە، سێ جار تەرمەکەیان شاردبووەوە.

بێ ئاکام مانەوەی هەوڵەکانی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ دەستێوەردان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سەید کەماڵ ئەحمەدپوور؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە سەرکوتکەرەکان لە هەوڵدا بوون کە تەرمی سەید کەماڵ وەربگرنەوە و بە بێ بەشداریی خەڵک و تەنیا بە بوونی چەند کەس لە بنەماڵەکەی تەرمەکەی بە خاک بسپێرن، بەڵام بە هۆی دژایەتیی بنەماڵەی ئەحمەدپوور و بەشداریی بەربڵاو و بەرچاوی خەڵک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپارییەکەدا نەیانتوانی هیچ کارێک بکەن و دەستێوەردان لەم کارەدا بکەن.

بانگهێشتی براکانی سەید کەماڵ ئەحمەدپوور بۆ وەرگرتنی بەڵێننامە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: پاش ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سەید کەماڵ ئەحمەدپوور، هێزە سەرکوتکەرەکان براکانی ناوبراویان بانگهێشت کرد و داوایان لێ کردن کە بەڵێننامە پڕ بکەنەوە کە سەبارەت بە شێوازی گیانلەدەستدانی سەید کەماڵ لەگەڵ میدیاکان خۆ ببوێرن، بەڵام براکانی سەید کەماڵ ئەم داواکارییەیان ڕەت کردەوە و وتیان کە سەید کەماڵ ئیدی برای ئێمە نییە، ئەو شەهیدی کوردستانە و دەبێ بەڵێننامە لە خەڵکی کوردستان وەربگرن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا ڕایگەیاند: گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەحمەدپوور بەردەوامە.

سەید کەماڵ ئەحمەدپوور؛

سەید کەماڵ ئەحمەدپوور کوڕی سەید تاهیر و مریەم، لەدایکبووی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٦٧ لە مەهاباد بوو، ناوبراو خێزاندار بوو و دوو منداڵی هەبووە.

سەیدکەماڵ لە شاری مەهاباد، کاری جوانکاریی بیناسازیی کردووە.