دۆسییەی ئێحسان محەممەدی، منداڵی ١٦ ساڵەی خەڵکی شنۆ، بە حوکمی "موحاربە" ڕادەستی دادگای کەیفەری یەکی مێرمنداڵانی ورمێ کرا

16:04 - 18 جۆزەردان 2723

دۆسییەی ئێحسان محەممەدی، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شنۆ، کە زیاتر لە ٨ مانگە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێدایە، بە حوکمی "موحاربە" لەلایەن لقی سێ دادگای ئینقلابی ورمێوە ڕادەستی دادگای کەیفەری یەکی تایبەت بە تاوانەکانی مێرمنداڵان لە  ورمێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئێحسان محەممەدی، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتەکانی تێکدانی نەزمی گشتی بە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و ئاگرتێبەردان و تێکدانی کەلوپەلی گشتی، بە حوکمی "موحاربە" تۆمەتبار کراوە و بەو هۆیەوە کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵە، دۆسییەکەی ڕادەستی دادگای کەیفەری یەکی تاوانەکانی مێرمنداڵان کراوە.

لە دادنامەی دەرکراو لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی "ڕەزا نەجەف‌زادە" و "جەواد غوڵامی کردەکەش"، هاتووە، حوکمی دەرکراو لە دیوانی باڵای وڵاتدا دەکرێ پیداچوونەوەی پێدا بکرێ.
ئێحسان محەممەدی، ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کرا و دەسبەسەر کرا.

ناوبراو پاش ماوەیەک بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ورمێ ڕاگوێزراوە و لە ماوەی لێپرسینەوەشدا ئەشکەنجە دراوە.

لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە تاکوو ئێستا، ئێحسان بە بێ مافی ئازادیی کاتی لە کانوونی ئێسلاح و تەربییەتدایە.