کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی دوو مامۆستای ئایینیی کورد بەڕێوە چوو

20:54 - 17 جۆزەردان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعی چواریاری نەبیی سنە و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعی گوندی نەنەڵەی سنە لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان بەڕێوە چوو.

ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردە، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی دادگادا لەمەڕ تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بەرگرییان لە خۆیان کرد.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەم دوو مامۆستا ئایینییە بۆ ئامادەبوون لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان بە شێوەی جیاواز، بانگهێشتنامەیان پێ گەیشتبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە بە هۆی پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە جاددەی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کران.

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە پاش دەسبەسەرکرانی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بە ڕێکۆرد و بڵاوکردنەوەی فیلمی ئەم مامۆستا کوردە، ناوبراویان ناچار بە داوای لێبوردن لە مامۆستایانی سەر بە حکوومەت کرد.