ئاروین نیکپەی بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا
ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی جۆزەردان، ئاروین نیکپەی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بەشێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.
ڕۆژی پینجشەممە، ٢١ی بانەمەڕ، ئاروین نیکپەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
ئاروین نیک پەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا، هەوڵی خۆکوژیی دابوو و ڕۆژی شەممە، ١٦ی بانەمەڕ، پاش ئەم هەوڵە بە ئامبۆلانس لە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ نەخۆشخانەی فەجری مەریوان ڕاگوێزرا.
پاش هەوڵی ئاروین نیکپەی بۆ خۆکوژی، بنەماڵەکەی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕ، لە بەردەم بینای ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کۆبوونەوە.
ئاروین نیکپەی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا لەژێر گوشاردا بووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئاروین نیکپەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو و پاش یەک ڕۆژ دیسانەوە گەڕێندرابوویەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات.
ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئاروین نیکپەی، تەمەن ٢٠ ساڵ، کوڕی حەسەن، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەریوان دەسبەسەر کرابوو و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگویزرابوو.
هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە، نیوەشەوی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی "نێ" و لەپتاب و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئاروین نیکپەی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.