سەحنە؛ دەسبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنیی کوردی یارسان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

23:19 - 2 جۆزەردان 2723

ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردان، سەید فەریبۆرز شائیبراهیمی و سەید فەرهاد زۆنووری، لە چالاکانی مەدەنیی کۆمەڵگەی مەدەنیی یارسان لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاند: ئەم دوو چالاکە مەدەنییە لە ماڵەکەی خۆیاندا دەسبەسەر کراون و ئەو ناوەندەی کە دەسبەسەری کردوون نادیارە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ دۆخی تەندروستییان لەبەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دەسبەسەرکرانی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە کوردە بە نواندنی توندوتیژی بووە و بە زۆر چوونەتە ماڵەکەیان و هیچ حوکمێک یان قسەیەکیان لەسەر دەسبەسەرکرانیان پێ نەبووە.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی هەینی ٢٧ ی خەزەڵوەری ١٤٠١یش لە ڕێوڕەسمی ٢١‌ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد هاوکات لەگەڵ نواندنی توندوتیژی و لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە کوردەی یارسان زانییارییەک لەبەر دەستدا نییە.